"ئێران و لایەنگرانی شكستیان بە حكوومەتی لبنان هێنا"

:: PM:06:17:26/09/2020 ‌


دوای ئەوەی مستەفا ئەدیب، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لبنان، شكستی هێنا و نەیتوانی حكوومەت پێكبێنێت و پاشەكەشەی كرد، وەزیرێكی پێشووی لبنان ئاماژەی كرد كە ئێران و هێزەكانی لایەنگری لە لبنان لەپشت شكستهێنانن بە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
ئێرانییەكان نایانەوێ لە لبنان هیچ حكوومەتێك هەبێت
ئەشرەف ریفی، وەزیری دادی پێشووتری لبنان ئەمڕۆ شەموو گوتی، بەپێی زانیارییەكانمان كشانەوەی مستەفا ئەدیب لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئێرانییەكان نایانەوێ ئێستە لە لبنان هیچ حكوومەتێك هەبێت، بۆیەیش ئەو گرووپانەی سەر بەو وڵاتەن لە لبنان مەرجی ئەستەمیان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتەكەی دیاری كرد، چونكە ئێران دەیەوێ پێكهێنانی حكوومەتەكە بە هەڵبژاردنی ئەمەریكا ببەستێتەوە. 

ریفی روونی كردەوە، بەر لە چەند رۆژێك محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بێزاری وڵاتەكەی لە دەستپێشخەرییەكەی ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا دەربڕی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لبنانی، دووپاتی كردەوە، ئێرانییەكان لە خەیاڵی بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریەتی فارسیدا دەژین و وا دەزانن كە چەند وڵاتێكی عەرەبی، ئەوانەیش لبنان دەبێت سەر بەوان بن.

ئەو وەزیرە پێشووەی لبنان وای بینی كە پێكهاتنی حكوومەتی ئەدیب ئەستەم بووە، چونكە كەوتووەتە دەست كەسانێكی هاوشێوەی مافیا كە وڵاتیان گەیاندووەتە وێرانە، دووپاتی كردەوە، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە حكوومەتێكی رزگاریخوازە كە وڵات لە تەنگژەكانی دەربێنێت، كاتێك عەقلیەتی چینی باڵادەست بوونەتە بار بەسەر لبنان، بۆیە ئەوە سێیەم حكوومەتە و لەیەكتر خراپر بوونە، هۆكارەكەیشی ئەو عەقلیەتەیە كە هەیە و تەنیا تەنگژە بەرهەم دێنێت و ئەوكاتەی میشێل عەون، سەرۆكی لبنان دەڵێ بەرەو جەهەنەم دەچین، تیمەكەی ئەوە كە وڵات بەرەو ئەو ئامانجە دەبەن.

ئەمڕۆ ئەدیب داوای لێبوردنی كرد لە پێكهێنانی حكوومەتی لبنان، ئەوەیش دوای مانگێك لە راسپاردنی، دووپاتی كردەوە كە سازانی هێزە سیاسییەكان كە لەسەر بنەماكەی ئەو ئەركەی وەرگرت، ئێستە نەماوە، بەوەیش گورزێك بەر هەوڵەكانی ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا دەكەوێ لە شكاندنی ئەو بەستەڵەكە سیاسییەی لە لبنان هەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی حزبوڵای لبنانی و بزاوی ئەمەلی شیعە سووربوون لەسەر دەستگرتن بە پۆستی وەزارەتی دارایی لبنان و ئەوانیتر رەتیان كردەوە. 

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل