گرێبەستەكانی سەدام و سیاسەتی تەعریب داعش زیندوو دەكەنەوە

:: PM:07:05:26/09/2020 ‌

جارێكی تر كێشەی خاوەنداریەتی زەویوزاری كشتوكاڵی لە نێوان جووتیارانی كورد و عەرەبی هاوردە سەر هەڵدەداتەوە، بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم وریایی لەوە دەدەن كە چەندبارەبوونەوەی ئەو ململانێیە، هەل بۆ داعش دەرەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی.
بوونی ململانێ لە ناوچە كێشەلەسەرەكان لەبەرژەوەندی داعشە
بەرپرسێكی كورد بە دەنگی ئەمەریكا راگەیاندووە، زیندووبوونەوەی ململانێكانی كەركووك، مانای شكستهێنانی گفتوگۆكانی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ناگەیەنێت، چونكە ئەوان چەندان بابەتی تری هاوبەشیان لە نێواندا هەیە، وەك بودجە و هاوئاهەنگی سەربازی و تەناهی دژ بە داعش.

بەپێی قسەكانی حكوومەتی هەرێم خێزانە كوردەكان بە زۆری زۆرداری لەلایەن عەرەبەوە لە ناوچەكانیان دوور دەخرێنەوە، ئەوەیش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ئەو ناوچانە، ئەوەی وای كردووە كە شارەزایان پێیان وابێت ئەو ململانێیە زەوینەیەكی لەبارە بۆ پەرەسەندن و زیادبوونی هێرشەكانی داعش دەرەخسێنێت، كە شانەی نوستووی لەو پارێزگایە هەیە، كە بە نەوت و پێكهاتە جیاوازەكانی دەوڵەمەندە. 

كێشەی ئەو ناوچانە بۆ سەردەمی سەدام حوسێن، سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق دەگەڕێتەوە، كاتێك كورد و پێكهاتەكانیتری لە زەویوزارەكانیان لە كەركووك دەركرد و لەجیاتی ئەوان عەرەبی لە باشووری عێراقی هێنا و زەوی ئەوانی بەسەر دابەش كردن و پارەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی پێ دان، بۆیە دوای 2003 و رووخانی سەدام حوسێن، ئەو عەرەبانە كە بە هاوردە دەناسرێن، ناوچەكانیان چۆڵ كرد و خاوەنی راستەقینەیان گەڕانەوە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017، عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك، گەڕاونەتەوە و داوای ئەو زەویانە دەكەن كە سەدام بەوانی داوە، كوردیش رەتی دەكەنەوە چۆڵی بكەن.

بەم دواییە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هۆشداری لە پەرەسەندنی دۆخەكە و بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و كەركووك دا، ئەوەی وای كرد وەزارەتی دادی عێراق بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییەی هەرێم، گرێبەستەكانی كشتوكاڵی سەردەمی سەدام حوسێنی بە هەڵوەشاوە لەقەڵەم دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل