ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی بۆ دەنگدان لەسەر بڕگەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن ساز كرد، بەڵام بەهۆی بوونی ناكۆكی گەورە لەسەری، نەیتوانی بیخاتە دەنگدان و تاوتوێكردنی خستە دانیشتنی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو.
فراكسیۆنەكان بەسەر دوو پێشنیاز دابەش بوونە
ئەمڕۆ
پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی 179 پەرلەمانتار، دانیشتنی نۆیەمی ئاسایی ئەم وەرزەی یاسادانانی خۆی ساز كرد بۆ دەنگدان لەسەر بڕگەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن، بەڵام دوای خوێندنەوەی رەشنووری بڕگەكە ناكۆكی گەورە لەناو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دروست بوو.
دوای دەنگدان لەبارەی چەند بڕگەیەكی تری یاساكە بەتایبەتی سەبارەت بەو ئامارەی دانیشتوانەی پشتی پێ ببەسترێ و سنووری جوگرافی و پێكهاتەیی ناو هەر پارێزگایەك و هیتریش، پەرلەمانی دەنگدانی لەسەر بڕگەی بازنەكانی هەڵبژاردن دواخست بۆ 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەوەیش بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییەكان.
بەپێی زانیارییەكان لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان دەنگی لەسەر بڕگەیەك داوە بە پشتبەستن بە ئاماری دانیشتوانی ساڵی 2010 كە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەرچووە، لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق، ئەوەیش وەك جێبەجێكردنی بڕگەكانی مادەی 49ی دەستووری عێراق.
هەروەها پەرلەمان دانیشتنەكە دەنگی لەسەر بڕگەی پێویستی پابەندی بە تێپەڕكردنی جوگرافیانە و فرەیی پێكهاتەیی لەناو هەر پارێزگایەك و پشتبەستن بە پرەنسیپی شەفافیەت و دادوەری لەكاتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن دا، جیا لەوە دەنگی لەسەر بڕگەیەك دا بە قەدەغەی دواخستنی میكانیزمی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەلایەن هەر پارێزگایەك لەبەر هەر هۆكارێك، هەروەها دیاریكردنی پێوەرێكی یەكگرتوو بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق و بەدەرنەكردنی هیچ پارێزگایەك لەو پێوەرە.