فوئاد حوسێن لەگەڵ سەرۆكی ئێران چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن

:: PM:08:19:26/09/2020 ‌

ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئێرانی كرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆ بووەوە، ئەو مەبەستی سەردانەكەی بۆ تاران روون كردەوە و دووپاتی كردەوە كە زەوینە خۆش دەكەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی سنووری و گواستنەوە و پەرەپێدانی هاریكاریی بازرگانی لەگەڵ ئێران. 
رێككەوتنەكانی هەردوولا جێبەجێ دەكرێن
بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی ئێران، ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تاران چاوی بە حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێران كەوتووە، لە دیدارەكەدا رۆحانی رای گەیاندووە كە ئەو سەردانە هەنگاوێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لە نێوان هەردوو وڵات واژوو كراوە.

رۆحانی دووپاتی كردەوە، بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی كەنداو، سەقامگیری و تەناهی ناوچەكە دەشێوێنن، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی و دیداری لەگەڵ رۆحانی، گرنگی بە خۆشكردنی زەوینە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا لە بوارەكانی سنوور و گواستنەوە و پەرەپێدانی هاریكاریی بازرگانی دەدات. 

هەر ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی، عێراق چاوی بە هاوتا ئێرانییەكەی كەوت، لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، سێ تەوەرمان تاوتوێ كردووە، ئەو لە تویتێك نووسیویەتی، خۆشحاڵ بووم بە مێوانداریكردنی هاوڕێم وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانەی دیدارێكدا پێداچوونەوەمان بە هەنگاوە كردەنییەكان كرد، سەبارەت بە پتەوكردنی هاریكاریی دووقۆڵی و كوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمەریكاوە و هێرشەكان بۆ سەر نوێنەرایەتی دپلۆماسی ئێران لە عێراق، دووپاتمان لە پێویستی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان كردەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل