پەرلەمانتارێكی پارتی: لاهور جەنگی دەیەوێ خۆی لەو پەراوێزخراوییە دەربێنێ كە تێی كەوتووە

:: PM:08:54:26/09/2020 ‌

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لاهور جەنگی بە كارتێكی سووتاو لە ناو حزبەكەی خۆی ناو دەبات و دووپاتی كردەوە، لە ڕێگەی هەندێ لێدوان و بەیاننامەوە دەیەوێ خۆی لەو پەراوێزخراوییە دەربێنێ كە تێی كەوتووە.
لەلایەن بەشێكی یەكێتیش قبووڵكراو نییە
رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەموو 26ی ئەیلوول، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لاهور جەنگی وێڕای ئەوەی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە هیچ شەعبییەتێكی نییە، لەسەر ئاستی كوردستانیش ژمارە نییە.

زیاتر گوتی، لاهور جەنگی كارتێكی سووتاوە، جگە لەوەی لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی كەسێكی ڕەتكراوەیە، لەلایەن بەشێكی یەكێتیش قبووڵكراو نییە.

لاهور جەنگی، كەسێكی پەراوێزخراوە و جموجۆڵە سیاسییەكان هیچی بە ئاراستەی ئەونین، لە ناو یەكێتیدا خۆی كردە كەسی یەكەم، بەڵام هیچ كات وەك كەسی یەكەمی ئەو حزبە مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە.

بابكەیی دووپاتی كردەوە، لێدوانەكانی لاهور جەنگی، نەك خزمەت بە خەڵك و دۆخی هەرێم ناكات، بەڵكو گرژی لەناو لایەنە سیاسییەكانیش دروست دەكات، ئەمەیش تاكە ئامانجی ئەوە كە تەبایی لەناو لایەنە سیاسییەكاندا نەبێ و ئەویش بەردەوام باسی بكرێ و لەو پەراوێزخراوییەی هەیە بێتە دەرەوە كە تێی كەوتووە.

لای خۆیەوە عەبدوڵا مەحموود، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لاهور جەنگی و یەكێتیش، كێشەكەیان ئەوەیە تا ئێستە ئەجێندایەكیان نییە، نازانرێ دەیانەوێ بگەڕێتەوە باوەشی بەغدا، یان لە دەرەوەی بەغدا بمێننەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە ئەجێندای پارتی رەوان و دیارە كە خەبات بۆ چی دەكات، بەڵام لە دوای كۆنگرەوە تاكە شت كە ئامادەیی نییە لەناو یەكێتی ئەجێندایە، كە نازانرێت هەوڵ و كۆششی بۆ چییە؟.

لە بارەی ریفراندۆمەوە ئەو چاودێرە روونی كردەوە، ریفراندۆم یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكان، جیاواز لە ئەجێندای حزبایەتی، چونكە خەڵك كە دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە لەبەر خاتری هیچ حزبێك نەبووە، بەڵكو بۆ ئەوە بوو سەربەخۆبین و لە ژێردەستەیی ڕزگارمان بێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل