دوایین زانیاری لەبارەی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی

:: PM:09:12:26/09/2020 ‌

كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی دەكرێتە پڕۆژەیەكی بازرگانی و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش ڕای دەگەیەنێت، بەدواداچوون بۆ ئەو كارە دەكات و هەوڵی ڕاگرتنی فرۆشتنەكەی دەدەن، سەرۆكی زانكۆكەیش دووپاتی كردەوە كە فرۆشتن و پێدانی ئەو كەمپە بە هەر كەس و لایەنێك رەت دەكەنەوە و پڕۆژەیان هەیە لە ناو كەمپەكە.
زانكۆكە زیاتر لە 10 هەزار خوێندكار و هەشت كۆلێژی هەیە
21ی‌ ئەیلوول، سەروەر عەبدولرەحمان پەرلەمانتاری‌ پێشووی‌ یەكێتی‌ لە واڵی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبووك بڵاوی‌ كردووە‌، بەپێی زانیارییەكان، یەكێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكان داوای كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی كردووە تا بیكات بە پڕۆژەیەكی كەرتی تایبەت، ڕوونی‌ كردەوە‌، هەندێك لە بەرپرسانی زانكۆ و خوێندنی باڵا ڕەزامەندیان لەسەر داوە و نووسراوی نهێنیان بۆ ڕەزامەندی دەربڕین كردووە.

لای خۆیەوە دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو 26ی ئەیلوول، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەسەر بابەتی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی لە هەفتەی داهاتوەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات و بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، بابەتی داگیركردن و فرۆشتنی زەوییەكانی سلێمانی لەلایەن چەند دەستڕۆیشتووێكی یەكێتییەوە دەكرێت، كە بەشێكیان لە ناو حكوومەتدان و كارئاسانیان بۆ دەكەن.

لەوبارەوە رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە كە باس لە فرۆشتن یان پێدانی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی بە كۆمپانیایەك دەكرێت، راستییەكەی ئێستە ئەو زانكۆیە زیاتر لە 10 هەزار خوێندكاری هەیە و بەسەر هەشت كۆلێژ دابەش كراون و لەوێ دەخوێنن، ئەگەر شتێكی وا بكرێ چارەنووسی ئەو خوێندكارانە چی؟.

زیاتر گوتی، جگە لەوە ئێستە پلان دانراوە لە كەمپی نوێ پڕۆژەیەكی پزیشكی گەورە جێبەجێ بكرێت، كە وەك راوێژكاری و سەنتەری توێژینەوە وایە، كۆلێژی پزیشكی ئەنجامی دەدات، بەهۆی ئەو كۆلێژەوە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتییانی هەژار دەگەیەنێ و لە هەمانكاتدا دەبێتە سەنتەرێكی گەورەی توێژینەوە بۆ زانكۆ.

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دووپاتی كردەوە، تەواوی ئەو قسە و دەنگۆیانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، سەرجەمیان دوورن لە راستییەوە و رێكاری یاسایی بەرانبەر هەر كەسێك لەوانە دەگرینە بەر كە ئەو دەنگۆیانەیان بڵاو كردووەتەوە و ناڕاستن.

لە لایەكی ترەوە بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەو كۆمپانیایەی بڕیارە زەوییەكەی پێ بدرێ، كۆمپانیایەكی گەورەی سلێمانییە (قەیوان)ە، لە بارەی شوێنی پڕۆژەكەیشەوە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە شوێنی پڕۆژەكە دەكرێتە مۆڵێكی بازرگانی.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی‌ ڕابردوویش دارسنەوبەرەكانی‌ نێوان سلێمانی‌ و تاسڵوجە سووتێنران و وا بڵاو كرایەوە كە دراوەتە كەرتی‌ تایبەت و دەكرێ‌ بە پڕۆژە.

شایەنی باسە كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی دەكەوێتە ناو شاری سلێمانی و لە ماوەی سەدەی رابردوو دروست كراوە و حەوت ساڵە كەمپی نوێ لە دەرەوەی شار كراوەتەوە و بەشی زۆری كۆلێژ و بەشەكان گوازراونەتەوە بۆ ئەو كەمپە نوێیە.

سلێمانی/ هەستار عەبدوڵا و هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل