لە ماوەی هەفتەی رابردوو چەند گۆڕانكارییەك لە رووی تەناهی و هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران روویان دا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی ئەمەریكای لەبارەی كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق گەیاندە میلیشیا شیعەكان، ئەمڕۆیش وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تارانی كرد، بڕیارە سبەی فەرماندەیەكی باڵای سەربازی ئێران بگاتە عێراق.
ئێران كوژرانی سلێمانی بیر ئەمەریكا دەخاتەوە
وەك
تەلەڤزیۆنی ئێرانی بڵاوی كردەوە، بڕیارە سبەی لیوا محەمەد باقڕی، فەرماندەی دەستەی ئەركانی سوپای ئێران سەردانی عێراق بكات و سەردانەكەیش دوو رۆژ دەخایەنێت و تیایدا چاوی لە وەزیری بەرگری عێراق دەكەوێت.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی سەردانەكە، تەلەڤزیۆنی ئێران گوتی، باقری لە عێراق تاوتوێی هاریكاریی تەناهی و سەربازی و دۆسیەی كوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی و هاوەڵانیان دەكات.
ئێستە عێراق چەند جموجۆڵێكی تەناهی بەخۆیەوە دەبینێت، هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە رێگەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، پەیامێكی توندی گەیاندە هێز و میلیشیا شیعەكان بەوەی ئەگەر چیتر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بكرێنە ئامانج، وەڵامی توندیان دەبێت، جگە لەوە دەبێت ئەوان سەركۆنەی هێرشەكان بكەن، ئەوەیش وای كرد هەریەك لە موقتەدا سەدر و هادی عامری و حەشدی شەعبی و چەند گرووپێكی تر نەیاری خۆیان بۆ هێرشەكان دەرببڕن، جگە لەوە حەشدی شەعبی چەند گۆڕانكارییەكی كرد و دوو فەرماندەی لیوای نەیاری سەرسەختی ئەمەریكای دوورخستەوە.
شایەنی باسە هەریەك لە سلێمانی و موهەندیس، لە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندەی هاوەڵیان لەكاتی گەڕانەوەیان لە دیمەشق، لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا كرانە ئامانج و هەموویان كوژران، ئەوەیش كاردانەوەیەكی گەورەی لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعەكان دروست كرد.