لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەتایبەتی لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریكاوە، ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، گۆڕەپانی سەرەكیی رووداوەكانیش عێراق بووە، كە هەردوو وڵات تیایدا باڵادەست و خاوەن بەرژەوەندین و ئامادە نین دەستبەرداری ببن، نووسەرێكی ئەمەریكی لە سایەی ئەو ململانێیەدا، پێشبنی دۆخی عێراق بۆ داهاتوو دەكات.
لێدوانەكانی پۆمپیۆ ئەگەری بەریەككەوتنی زیاتر كرد
دێڤید ئیگناتیۆس، نووسەر هەوڵ دەدات پێشبینی دۆخی عێراق بكات و ئەو پرسیارە وەڵام بداتەوە كە ئاخۆ ئەمەریكا وەك هەڕەشە دەكات باڵوێزخانەی لە بەغدا دادەخات بەهۆی كردنەئامانجی بەردەوامی لەلایەن میلیشیاكانەوە؟، ئەو دەڵێت، عێراق ئەو گۆڕەپانەیە كە دەكرێ لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و ئێرانی تیادا بتەقێتەوە، بەوەیش سوپرایزی ئۆكتۆبەر، بەر لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا لە نۆڤێمبەری داهاتووی تیادا دێتە دی.
ئەو نووسەرە شارەزایە لە كاروباری دەرەوە لە وتارێكی لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكیدا زیاتر گوتی، ئەگەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بێتە داخستن، رەنگە ببێتە هۆی وەشاندنی گورزی ئاسمانی ئەمەریكا بۆ میلیشیاكانی سەر بە ئێران، وەك چۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەفتەی رابردوو هەڕەشەی كرد، راستە ئێران وریا بوو لە دەمارگرتنی راستەوخۆی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵام لێدوانەكانی پۆمپیۆ ئەگەری بەریەككەوتنی ئەوانی زیاتر كرد.
وەك ئەو نووسەرە ئاماژە دەكات، رووبەڕووبوونەوە لە عێراق چەندان مەترسی دێنێتە پێشەوە، چونكە ئەگەر ئەمەریكییەكان لە هێرشی میلیشیاكاندا بكوژرێن، ئەگەری زۆرە ئیدارەی ترەمپ هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات، ئەگەر كازمیش لە میلیشیا شیعەكان بدات، وەك پۆمپیۆ داوای دەكات، رەنگە ئێران وەڵام بداتەوە و فەرمانڕەوایەتی كازمی لە ناوەوە دەڕووخێت.