لە پێشانگایەکی شێوەکاریی هاوبەشدا کە ژمارەیەک شێوەکار و هونەرمەندی شاری سلێمانی بەشدارییان کردووە، ڕەنگەکانی سەرەتای پایز نمایش دەکرێن.
ڕێکخراوی شار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، پێشانگایەکی هاوبەشی دوو ڕۆژەی بۆ 48 شێوەکار و هونەرمەندی شاری سلێمانی بە ناونیشانی "ڕەنگەکانی سەرەتای پایز" کردەوە، دوێنێ دەستی پێ کرد و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
زۆر بە باشی پێشوازییان لە تابلۆکەم کرد
ئالا جەمال یەکێک لە شێوەکارە بەشداربووەکانی ئەو پێشانگایە کە ماوەیەکی زۆرە دەستی بە کاری وێنەکێشان کردووە و دەرچووی بەشی دیزاینی ناوخۆیە، بە تابلۆیەک بەشداریی ئەو پێشانگایەی کردووە، بە "وشە"ی گوت: ئەمە یەکەم پێشانگای هاوبەشە بەشداریی تێدا بکەم، خەڵکێکی زۆری هونەردۆستی شارەکەم هاتبوون و زۆر بە باشی پێشوازییان لە تابلۆکەم کرد.
سەبارەت بە دەستپێکی کاری هونەریی خۆی، ئالا گوتی: هەر لە منداڵییەوە خولیای کاری هونەری و وێنەکێشانم هەبووە، بەڵام ماوەی شەش مانگە دەستم بە بڵاوکردنەوە و نمایشکردنی کارەکانم کردووە، حەز دەکەم لە ئایندەدا پەرەی زیاتر بە هونەر بدەم و جێدەستم لەناو شێوەکارانی کوردستاندا دیار بێت.
تابلۆکانی ئالا لەڕێی بۆیەی زەیتی و ئەکریلیک دەکێشرێن و جوانییەکی تایبەت بە بینەر دەبەخشن، هەر بۆیە لە پێشانگاکەدا لەپای ئەو پێشوازییە گەرمەی لە کارەکەی کرا، سوپاس و پێزانینی پێ بەخشرا.