بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری هەواڵێكی خۆش ڕادەگەیەنێت

:: AM:11:37:27/09/2020 ‌
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری ڕای دەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری كەمی كردووە و لە ماوەیەكی كەمدا سەرجەم بەشەكان دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی ئەیلوول، لاوەند میران بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگای بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ئێستە نەخۆشانی covid19 لە نەخۆشخانەی ڕزگاری  ڕووی لە كەمی كردووە، بۆیە هەنگاو بەرەو ئاساییبوونەوەی كاروباری هاووڵاتییان دەنێین.

دلنیایی دەدەین بە هاووڵاتییان لە ماوەیەكی كەم گشت ڕاوێژكارییەكانی تر بۆ خزمەتی نەخۆشان دەكرێنەوە
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ڕزگاری گوتی، بڕیاری بەكردنەوەی چەند بەشێكی ڕاوێژكارییەكانی نەخۆشخانەکەمان دا كە بەهۆی تەرخانكردنی نەخۆشخانەی ڕزگاری بە نەخۆشانی كۆڕۆنا داخرابوون.

ڕوونی كردەوە، ئەمڕۆ بەشی ڕاوێژكاری چاندنی ددان كرایەوە و دەستیان بەكاری خۆیان كردەوە، هەروەها دلنیایی دەدەین بە هاووڵاتییان لە ماوەیەكی كەم گشت ڕاوێژكارییەكانی تر بۆ خزمەتی نەخۆشان دەكرێنەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشخانەی ڕزگاری تایبەت كرا بە تووشبووانی كۆرۆنا و ژمارەیەكی زۆری نەخۆشی لێ دەخەوێندرا و ئێستە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و كەمتر لە 100 نەخۆشی تێدا ماوە.



وشە - رامیار جەواد