بەغدا چۆن و بۆچی پاڵپشتیی پەكەكە دەكات و ناتوانێت دەریان بكات؟

:: PM:06:15:15/02/2017 ‌
قایمقامی شنگال قسەكانی ئوسامە نوجێفی جێگری سەركۆماری عێراق لەبارەی وەستاندنی بەغدا بۆ پاڵپشتیی دارایی و سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال رەت دەكاتەوە و دەڵێ كە تا ئێستەش بەغدا راستەوخۆ پاڵپشتییان لێ دەكات و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش رای گەیاند كە پەكەكە سەتان منداڵی شنگالی رێك خستووە و بوونیشی لەوێ ناوچەكە دەخاتە ژێر مەترسیی بۆردمانی توركیا.

نزیكەی سێ هەزار شەڕوانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شارۆكەی شنگال و دورووبەری بە پاساوی جەنگی داعش و ئازادكردنەوەی ناوچەكە لەوێ ماونەتەوە و بارەگە و سەربازگەی مەشق و هێزی شەڕوانیان لە خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە و پاڵپشتیی سەربازی و دارایی لە ئێران و عێراق وەردەگرن.

دوێنێ ئەسامە نوجێفی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە یەكێتیی هێزە عێراقییەكان (سوننە) لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رای گەیاند كە دوای رێككەوتنی عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستان، بەغدا پاڵپشتییەكانی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال وەستاندووە.

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە بەم دوواییە حكوومەتی عێراق پاڵپشتیی دارایی و چەكی بۆ شەڕوانانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال رەوانە كردووە و روونی كردەوە كە تا ئێستەش هیچ زانیارییەكمان پێ نەگەیشتووە بەوەی بەغدا ئاڵپشتییەكانی بۆ پەكەكە وەستاندبێت، چونكە دوا وەجبەی پاڵپشتی بریتی بوو لە رەوانەكردنی باری چەك بەر لە ماوەیەك بۆ ئەو هێزانەی پەكەكە لە ناوچەكە دایمەزراندوون. 

لای خۆیەوە گەورە سەركردەیەكی سەربازی كورد رای گەیاند كە ئەندامانی پەكەكە چەندان پارچە چەكیان بەدەست گەیشتووە لەوانە چەكی قوڕس و دووپاتی كردەوە كە ئەوان ئەو چەكانەیان لە حەشدی شەعبییەوە وەرگرتووە.

زیاتر گوتی، ئێستە ئەو هێزانە شنگالیان كردووەتە مۆڵگەی خۆیان كە ئەوان بەرەگەز عێراقی نین، بۆیە ئەوی روو دەدات داگیركردنی گرووپێكی تیرۆریستییە بۆ شارێكی عێراقی، بەڵام لەبری دەركردنیان بەغدا یارمەتییان دەدات.

ئاشكرای كرد كە ئەنقەرە لە وتوێژەكانی لەگەڵ بەغدا مەرجی ئەوەی لە بەرامبەر كشانەوەی هێزەكانی لە نزیك مووسڵ دانابوو كە پێویستە ئەو شەڕوانانەی پەكەكە دەربكرێن، كە ئەوەش لەلایەن بەغداوە ئەنجام نەدرا، چونكە ئەو پرسە پێوەستە ئێران و ئەو بۆ مەرامی خۆی بەكاریان دێنێت.

بەم دواییە كونوسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر رای گەیاند كە ئەمەریكا هەر رۆڵێكی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال رەت دەكاتەوە و لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو پارتە لە لیستی تیرۆر پۆلێن كراوە و بوونیشی لەو ناوچەیە رێگری لە پڕۆسەی ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، هاوكات هەواڵەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا لە رێگەی چەند كەناڵێكەوە ئەو پارتەی وریا كردەوە لەبارەی چاڵاكییەكانی لە عێراق و سووریاشەوە. 

لای خۆیەوە نەسەرەدین سندی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم روونی كردەوە كە سەتان منداڵی ناوچەی شنگال و دەرووبەری چوونە ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئاماژەشی كرد كە بوونی شەڕوانانی ئەو پارتە لە شنگال مەترسییەكی گەورەیە.

زیاتر گوتی، پارتی كرێكارانی كوردستان كار بۆ چاندنی بیرۆكەكانی خۆی لە هەر ناوچەیەك كە تیایدا بێت، دووپاتیشی كردەوە كە سەتان منداڵی شنگال چوونە ریزەكانییەوە، هاوكات بوونی ئەو پارتە لە شنگال مەترسیدارە و پاساوێكە بۆ توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەكە، بێجگە لەوەی بووەتە مایەی دروستبوون رووبەڕووبوونەوە لە نێوان شەڕوانانی ئەو پارتە و هێزەكانی تری ناوچەكە.

سندی داوای كرد كە پێویستە وتوێژێكی روون لە نێوان هێزەكانی لە شنگالدا هەن بكرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەك بە مەبەستی سەقامگیری ناوچەكە و دوورخستنەوەی مەترسییەكان لێوەی و جەختیشی لە گرنگی بیركردنەوە لە دووبارە نەبوونەوەی بەسەر ئێزدییەكان هاتووە، كردەوە.  

لە سەرەتای ئەمساڵەوە عەگید چڤیان فەرماندەی گشتی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال دووپاتی كردەوە كە پاشەكشەی هێزەكانی پەكەكە لەو شارە پێوەستە بە جێبەجێبوونی ئەو ئامانجەی كە شەڕوانانی ئەو پارتە بۆی هاتوونە ناوچەكەوە و ئاماژەی كرد كە لەكاتی تەواوبوونی ئەركەكانمان و ئێزدییەكان داوای رۆیشتنی ئێمەیان كرد كە چیتر پێویستیان بە ئێمە نەماوە، ئەوكات لە شنگال پاشەكشە دەكەین. 

داعش لە مانگی ئابی 2014 ئاراستەی هێرشەكانی بۆ ناوچەی شنگال و دەوروبەری گۆڕی و ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵ كرد و رەشەكوژی بۆ كوردانی ئێزدی دروست كرد، ئەو پیاوانی كوشتن و ئافرەت و كچانی بە كەنیزەك بردن كە تا ئێستەش ژمارەیەكیان لەژێر دەستی ئەو رێكخراوەوە ماونەتەوە، دواتی لە كۆتای 2015 لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە شنگال ئازاد كرایەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل