بە گوێرەی خشتەیەك كە بڵاوبووەتەوە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە تیایدا خەرجی و داهاتەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خراوەتە ڕوو، كە داهاتەكەی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی و خەرجییەكانیشی 13 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەم لە خشتەكەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ساڵی 2016 بە واژووی مەولوود موراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بڵاوكراوەتەوە كە كۆی خەرجییەكانی وەزارەتەكەی لە ١-١-٢٠١٦ تا دەگاتە ٣١-١٢-٢٠١٦ی تیادا راگەیاندراوە و بریتییە لە كۆی تەواوی داهات و خەرجییەكانی بەڕیوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەو وەزارەتە بە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی.
لەو خشتەدا كۆی گشتیی داهات و خەرجی بە دۆلار و دیناری عێراقی و بە ژمارەوە جیاوازی خەرجی و داهاتەكانیش خراوەتە ڕوو، بەگوێرەی خشتەی ئاماژە پێ كراو، لەو ماوەیەدا داهاتی وەزارەت 8,347,519,236 دینار و بە دۆلاریش 33,464,214 دۆلار بووە، هەروەها خەرجییەكانیش بە هەمان شێواز پێك هاتووە لە 62,598,457,539 دینار و بە دۆلاریش 13,704,00,1 دۆلار بووە.
هەر لەو خشتەیەدا جیاوازییەكانی نێوان خەرجی و داهات بە روونی بە ژمارە ئاماژەی پێ كراوە، لەو ساڵەدا وەزارتی گواستنەوە و گەیاندن 19 ملیۆن و 760 هەزار و 213 دۆلاری قازانج هەبووە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن مەولوود موراد بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت.