په‌رله‌مانتارێك باسی‌ ناردنی‌ پاره‌كه‌ی‌ به‌غدا بۆ هه‌رێم ده‌كات

:: PM:04:27:07/10/2020 ‌
ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنی پاره‌كه‌ی به‌غدا نییه‌ و هه‌فته‌ی داهاتوو دێته‌ ناردن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م، شێروان میرزا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ عێراق ده‌ستی پێ كردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا نییه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران گوتی، ڕێكه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆریش هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت.

باسی له‌وه‌ش كرد، عێراق له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ "وشه‌" دراون، دوای دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو عێراق ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌نێرێت كه‌ ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌.

به‌پێی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا مانگانه‌ عێراق تا كۆتایی ساڵی 2020 بڕی 320 ملیار دینار بۆ كوردستان ده‌نێرێت.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 2203 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌