باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە پشتیوانی خۆی بۆ جۆ بایدن دەربڕیوە بە بڵاوکردنەوەی خشتەی رەخساندنی هەلی کاری 12 سەرۆکی ئێستە و پێشووتری ئەمەریکا پەنجە دەخاتە سەر دۆخی ئابووری نالەباری ئەمەریکا و پێی وایە تەنیا لە سەردەمی ترەمپدا ئەمەریکا لەرووی دابینکردنی هەلی کار پاشەکشەی کردووە.
باراک ئۆباما هەرچەندە لە تویتەکەیدا جگە لە بڵاوکردنەوەی خشتەکە باسی ترەمپی نەکردووە بەڵام ئاماژەی داوە ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەوا لە چوار ساڵی داهاتوودا بە ملیۆنان هەلی نوێی کار دەهێنێتە کایەوە و گەشە بە ئابووری ئەمەریکا دەدات.
کلینتۆن کە لە دیموکراتەکان بوو سەرووی 23 ملیۆن هەلی کاری نوێی هێنایە کایەوە.
بە پێی ئەو خشتەیەی بڵاو کراوەتەوە لە نێو ئەو 12 سەرۆکی ئەمەریکا کە زۆربەیان هەشت ساڵ دەسەڵاتیان هەبووە کلینتۆن کە لە دیموکراتەکان بوو سەرووی 23 ملیۆن هەلی کاری نوێی هێنایە کایەوە. خۆیشی لە خولی پێشوو 12 ملیۆن هەلی کاری دروست کرد.
جۆرج بۆشی کوڕ یەک ملیۆن هەلی کار و باوکیشی کە هەر دووکیان لە کۆماریخوازەکان بوون سێ ملیۆن هەلی کاری هێنایە کایەوە.
رێگان 16 ملیۆن و کارتێریش 10 ملیۆن هەلی کاری دابین کرد. فۆرد دوو ملیۆن و نیکسۆن نۆ ملیۆن و جۆنسۆن 12 ملیۆن هەلی کاری دابین کردووە. کێنێدی چوار ملیۆن و ئایزنهاوێر چوار ملیۆن و ترومەن نۆ ملیۆن هەلی کاری بۆ ئەمەریکییەکان رەخساندووە.
ئەوەی لە نێو ئەو هەمووە ئامارە جێگای سەرنجە ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ نەک هیچ هەلێکی نوێی کاری دابین نەکردووە بەڵکوو چوار ملیۆن کەسیش کارەکانیان لەدەست داوە.