هۆکار و چارەسەری بەیەکنەگەیشتنەوەی ددانەکانی سەرەوە بە ددانەکانی خوارەوە

:: PM:07:17:08/10/2020 ‌

حاڵەتێكە كە تیایدا ددانە بڕەڕەكانی سەرەوە ددانەكانی خوارەوە داناپۆشن كاتێك ددانەكانی دواوە جووت ئەبن لەسەر یەكتری، واتە بۆشاییەكی گەورە ئەبینرێت لە نێوان ددانەكای پێشەوە لە كاتی جووت بونی ددانەكانی دواوە لەسەر یەكتری.

لەم بارەیەوە د. هاوار قادر پزیشكی نۆژداری دەم و ددان بۆ ''وشە'' چەند هۆکارێکی ئەم حاڵەتە دەخاتەڕوو

‏یەکەم - خوی پەنجە مژین: ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا باوە، ئەم خووە ئەگەر پێش تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵی تەرك بكرێت ئەوا حاڵەتەكە خۆی باش ئەبێ، بەڵام زیاتر بخایەنێ، كۆمەڵێ كێشەی جووت بوونی ددانەكان حاڵەتی ''Malocclusion'' دروست دەكات.

دووەم - زیاد بەكارهێنانی مەمە وشكە: پێویستە بەكارهێنانی مەمە وشكە پێش تەمەنی دوو ساڵی بوەستێنرێت، چونكە بەكارهێنانی دوای تەمەنی دوو ساڵی، كێشەی جووت بوونی ددانەكان دروست دەكات.

سێیەم - زمان هێنانە دەرەوە لە نێوان ددانەكان.

چوارەم - هەناسەدان بە دەم.

ئەوەوش خستەڕوو کە خۆپارێزی لە ڕوودانی ئەم حاڵەتە هەیە و بەم شێوەیە دەبێت:

زوو وازهێنان لەم خووانە وەك ''پەنجە مژین و بەكارهێنانی مەمە وشكە دوای تەمەنی دوو ساڵی، هەناسەدان بە دەم''.

ئەوەیشی ئاشکرا کرد، چارەسەری ئەم حاڵەتە بەم شێوەیە دەکرێت.
پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕی ڕاستكردنەوەی ددان بكرێت، ئەم حاڵەتە لە تەمەنی مناڵیدا زووتر چارە دەكرێ لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئامێری تایبەت، بەڵام لە تەمەنی گەورەییدا پێویستی بە كاتی زیاتر و بەكارهێنانی تەل ددانەکان ڕاست دەکرێنەوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان