كۆرۆنا بۆ كامەیان مەترسیدارترە كەسی سەڵت یان بەهاوسەر؟

:: PM:10:54:11/10/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دروێنەكردنی گیان و تێكدانی تەندروستی خەڵك بەردەوامە، توێژینەوەیەكی سویدی ئاشكرای دەكات كە كاریگەربوون و توندی نیشانەكانی پەتای كۆرۆنا لە كەسێكەوە بۆ كەسێك و لە توێژێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە و بە هەمانشێوە مرۆڤەكە سەڵت یان هاوسەردار بێت.  
پیاوان ئەگەری مردنیان زیاترە
توێژەران لە زانكۆی ستۆكهۆڵم ئاشكرایان كرد كە چەند هۆكارێكی كۆمەڵایەتی كار دەكاتە سەر ئاستی كاریگەریی پەتاكە، وەك رەگەزی تووشبوو و ئاستی داهاتی دارایی و ئاستی بڕوانامە و خوێندن و هاوسەرداری و ئەو وڵاتەیشی تیایدا دەژیت.

ستیف دریفال، مامۆستا و بەشدارێكی توێژینەوەكە گوتی، ئەو هۆكارانە كاردەكەنە سەر ئەگەری مردنی هەركەسێكی تووشبوو بە كۆرۆنا، لەوكاتەی توێژینەوەكە پشتی بە دانای ئەنجوومەنی نیشتمانی سوید بۆ تەندروستی و چاودێری كۆمەڵایەتی بەستووە سەبارەت بە مردووانی كۆرۆنا لەوانەی تەمەنیان 20 ساڵی تێپەڕاندووە.  

لە ژمارەكان دەركەوت كە ئەوانەی لە دەرەوەی سوید لەدایك بوونە، كەمتر دووچاری مردن بەهۆی كۆرۆنا دەبنەوە، هەروەها ئەوكاتەی تووشبوو پیاو بێت و داهاتی دارایی كەم و ئاستی خوێندنی نزیم بێت، مەترسی زیاتری مردنی بەهۆی كۆرۆنا هەیە، وەك توێژەران ئاماژەیان كرد ئەو هۆكارانە بەهەمانشێوە كار دەكاتە سەر ئەگەری مردن بەهۆی نەخۆشی تریش.  

توێژینەوەكە ئەوەیشی روون كردەوە كە پیاوان زیاتر بە دووهێند مەترسی مردنیان هەیە زیاتر لە ژنان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بێت ژن كەمتر جگەرەكێشە و كاری سووكتر دەكات و تەندروستی باشترە، جیا لەوە توێژینەوەكە ئاماژەی كرد كە كەسانی سەڵت لە پیاو و ژن، بەهەمانشێوە بێوەژن و تەڵاقدراو، دووهێند زیاتر ئەگەری مردنیان بە كۆرۆنا هەیە بە بەراورد بەوانەی هاوسەردارن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل