"حكوومەت باشترین بڕیاری بۆ كرێكاران دەركرد"

:: AM:08:33:12/10/2020 ‌
عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە" باس لە شێوازی هێنانی كرێكاری بیانی و چۆنیەتی پارێزگاری لە مافەكانیان دەكات و ڕای دەگەیەنێت، كابینەی نۆیەمی حكوومەت باشترین بڕیاری لە بەرژەوەندی كرێكاران دەركردووە كە هیچ كاروبارێك ڕایی ناكرێت بۆ خاوەن كارەكان تا دەستەبەری كرێكارەكانیان نەكەن.

كۆمپانیاكان چۆن كرێكار بۆ كوردستان دەگوازنەوە و ڕێكارەكان چین؟
سەرەتا بەهۆی تەنگژەی دارایی و پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، هێنانی كرێكاری بیانی بە تەواوی كەم بووەتەوە و ئەو كرێكارەشی ئێستە هەیە لە هەرێمی كوردستان پێش كەرەنتینی گشتی و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.

تەنیا ڕێ بە هاتنی كرێكاری ناوماڵ دەدەین و هێنانی كرێكاری بیناسازی و پڕۆژەكان ڕێیان پێ نەدراوە 
ئەگەر پێویستی هەبێت بۆ هێنانی كرێكاری بیانی چ جۆرە كرێكارێك ڕێ پێدراوە بۆ هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە؟
لە 31ـی ئابی ئەمساڵ بڕیارمان داوە تەنیا ڕێ بە هاتنی كرێكاری ناوماڵ دەدەین و هێنانی كرێكاری بیناسازی و پڕۆژەكان ڕێیان پێ نەدراوە، هەروەها كرێكاری ناوماڵ یان كرێكاری خزمەتگوزاری كە ژنن ئەوەیش بەهۆی بوونی كۆمەڵێك خێزان كە بەساڵاچوویان هەیە یان فەرمانبەری میرین و پێویستیان بە خزمەتگوزاری ماڵ هەیە، ئەو جۆرە كرێكارەش لە هەرێمی كوردستان دەست ناكەوێت یان سروشتی كۆمەڵگەی كوردی وایە ژنی كوردی ئەو كارە ناكەن.

ئەی كرێكاری بیناسازی هیچ پلانێك هەیە بۆ كەمكردنەوەیان؟
لەگەڵ تەنگژەی دارایی ئێمە پلانمان دانا هێنانی كرێكاری بیانی كەم بكەینەوە و لە ساڵی 2019 ئەو كرێكارانی هێنراون بۆ هەرێمی كوردستان %93 خزمەتگوزاری ناوماڵ بوونە، لە 2018 ئەو كرێكارانەی هاتوون %88 خزمەتگوزاری ناوماڵ بوونە و ئەوەی تریش كرێكاری پڕۆژە و و كەسانی شارەزا بوونە كە ئێمە ئەو پسپۆڕییانەمان نییە.

ئەی چۆن كەلێنی نەهاتنی ئەو كرێكاران پڕ كراوەتەوە كە هەندێكیان پیشەیین و پێویستن؟
لەگەڵ تەنگژەی دارایی بەرنامەمان دانا بۆ ئەوەی بەخێرایی چەندان خول بۆ پێگەیاندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان دابنێین و لەو بوارانەی پیشەیین و پێویستن، بۆ كۆمپانیاكان و بازاڕی كار شارەزاییان پێ بدەین و فێریان بكەین تا كێشەی كەمی ئەو كەسانە دروست نەبێت.

زیاتر لە 40 كۆمپانیا هەن كاری هێنانی كرێكاری بیانی دەكەن 
 ئێستە چەند كۆمپانیا كاری هێنانی كرێكاری بیانی بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن؟
بەهۆی پابەندنەبوون بە كارەكەیان و ڕێنوێنییەكان یان بوونی سەرپێچی، ئێستە ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی كاری هێنانی كرێكاری بیانی دەكەن بۆ %70 دابەزیوە، ئێستە زیاتر لە 40 كۆمپانیا هەن كاری هێنانی كرێكاری بیانی دەكەن و سەرجەمیان مۆڵەتیان هەیە و ساڵانەش دەبێت مۆڵەتەكەیان نوێ‌ بكەنەوە، یان كاریان نەكردبێت لە ماوەی ساڵێك كاریان ڕادەگیرێت.

هیچ مەرجێكی تەمەن بۆ هێنانی كرێكاری بیانی بۆ كۆمپانیاكان دیاری كراوە؟
تەمەن بەپێی ڕێنوێنییەكان چەند مەرجێكی هەیە، بۆ نموونە كرێكاری خزمەتگوزاری ناوماڵان نابێت تەمەنی گەیشتبێتە 50 ساڵ، چونكە توانای كاركردنی نامێنێت، ئەو كرێكارانەی ئێستە مۆڵەتی هاتنیان دەدەین تەنیا دوو جۆرە كرێكاری پاككەرەوەی ژینگە و كرێكاری خزمەتگوزاری ناوماڵن، هەردووكیان پێویستە لە وڵاتی خۆیان پشكنینی پزیشكییان كردبێت و كاتێك دێنە هەرێمی كوردستانیش پشكنینیان بۆ دەكرێت.

هیچ كرێكارێكی بیانی لە هەرێمی كوردستان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست داوە؟
هیچ مردنێكی كرێكاری بیانی لای ئێمە تۆمار نەكراوە و وەزارەتی تەندروستی پشكنین و ئاماری هەیە، ئەوەی لای ئێمە بێت تا ئێستە دۆسیەیەك نەهاتووەتە لای ئێمە كرێكارێكی بیانی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دابێت، هەروەها ئەگەر ڕووداوێكی وا ڕوو بدات و زەمان كرابێت، كرێكارەكە هەموو مافێكی دەبێت بۆ كەسوكاری دەگەڕێتەوە.

لە ڕابردوو دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كرێكاری بیانی هەبوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیانە دەكرێت؟
كەیسی دەستدرێژی بابەتێكە پێوەندی بە پۆلیس و دادگا هەیە و لە هەموو دنیا ئەو ڕووداوانە تۆمار دەكرێن، ئەگەر ڕووداوێكی لەو شێوەیش هەبێت كە خاوەن كارێك دەستدرێژی دەكاتە سەر كرێكارێك یان بەپێچەوانەوە، ئەوە پۆلیس لەو دۆسیەیە بەدواداچوون دەكات، هەروەها هەركاتێك داوای بۆچوونی ئێمەیان كرد، ئەوا ئێمە ڕاپۆرتی خۆمان دەبێت لەسەر مافی ئەو كرێكارە، لای ئێمە كە ئەو كرێكارە فەرمییە یان فەرمی نییە، ئەگەر فەرمی بێت چی پێویست بێت ئێمە بۆی دەكەین، هەروەها ئەو دەستدرێژییانەی لە خزمەتكارانی ناوماڵ دەكرێت، ئێمە لەهەر شارێك لیژنەیەكمان هەیە سەرجەمیان ژنن بۆ ئەوەی شەرم لە یەكتر نەكەن و باسی بكەن، بێگومان ئێمە بەرگری لە مافەكانیان دەكەین بەشێوەیەكی یەكسان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكە دەكەین، چونكە كرێكاریش هەیە دۆسیەی ئەخلاقی و پێشێلكاریان هەبێت لەسەر منداڵی ئەو ماڵە.

كەوایە كرێكاری نافەرمی و تۆمارنەكراویش هەیە كە هاتووەتە هەرێمی كوردستان؟
لە هەموو دنیادا كرێكاری نافەرمی هەیە كە تۆمار نەكراو هاتوونەتە ئەو وڵاتە، ئەوەیش سەرجەم ئەو كرێكارانە دەگرێتەوە كە تۆمار نەكرابێت و بەشێوەی نایاسایی هاتبێت، وەك چۆن كوردانی خۆمان لە ساڵانی نەوەتەكان لە ئەوروپا كاری نافەرمییان دەكرد.

بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستی ئێوەن، ئێستە هەلی كار بۆ ژن زیاتر بەردەست یان بۆ پیاو؟
كۆمپانیایەك پێویستی بە كارمەندێكی كارگێڕی هەیە، ئەوە زیاتر هەلی كارەكە بۆ ژن دەبێت و بەشێكیشی بۆ پیاو دەبێت، هەروەها ئەگەر باڵەخانەیەك پێویستی بەكرێكارێك بێت، ئەوا پشت بە ماسولكە دەبەستێت، ئەو كاتە زیاتر هەلی كارەكە پێویستی بەپیاو دەبێت، بۆیە لێرە بەپێی جیاوازی بۆ كارەكان دابین دەكرێت، بۆیە ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئێستە لە هەرێمی كوردستان كەمترین جیاوازی هەیە لە دەرفەتی كار لە نێوان ژن و پیاو.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داكۆكی زۆر بۆ دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەرانی كردووە بۆ سەرجەم چین توێژەكانی كۆمەڵگە، بۆ كرێكاران چی كردووە؟
كابینەی تر بەدەم داوا و سكاڵای كرێكاران بوونە، بەڵام كابینەی نۆیەم بۆ یەكەمین جار بڕیارێكی دەركردووە هیچ مامەڵەیەك و پڕۆژەیەك ناكرێت لە هەرێمی كوردستان تا ئەستۆپاكی بۆ دەستەبەری كرێكاران نەكەن، دەستبەریش بۆ كرێكاران گرەنتیكردنی داهاتووی كرێكارانە و پاشەڕۆژیان دابین دەكرێت، مافی خانەنشینبوونی هەیە، ئەگەر هاتە كەرتی گشتیش سەرجەم خزمەتەكەی بۆ دەگوازرێتەوە لە پڕۆژەیەكەوە بۆ پڕۆژەیەكی تریش كاری بگوزارێتەوە قەرەبوو و پاداشتی دەبێت.

داهاتووی كرێكاری كوردستان بەو بڕیارە مسۆگەر بووە؟
من گەشبینم بەو بڕیارە، ئەوەیش لە داهاتوو زۆر باش دەبێت و ئەو چاكسازییە لەو بوارە دەكرێت، بۆ كرێكاران زۆرباشە و ئێستە %12ـی گرەنتیكردنی داهاتووی كرێكار لە خاوەن كار وەردەگیرێت، %5ـی لە داهاتی كرێكار دەبێت، بۆیە پێویستە كرێكاران داهاتوویان هەبێت.






وشە - رامیار جەواد