پاش نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئازاد جوندیانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له حزبه‌كه‌ی، هه‌ڵسووراوێكی گۆڕان جوندیانی به بوون به پارتی تۆمه‌تبار كرد، به‌رپرسێكی باڵای پارتیش ده‌ڵێ شانازییه سه‌ربه‌خۆخوازانی كوردستان له‌گه‌ڵمان بن.
عه‌دنان عوسمان، هه‌ڵسووڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی، هه‌ر كه‌سێك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی له حزبه‌كه‌ی دوور كه‌وتووه‌ته‌وه، ئه‌وه دیاره خۆی خزاندووه‌ته باوه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسی لقی 22ی گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان به" وشه"ی راگه‌یاند، شانازییه بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كه سه‌ربه‌خۆیی خوازه‌كانی كوردستان را و بۆچوونیان له‌گه‌ڵ پارتی بێت، ئه‌وه به‌و مانایه‌ش دێت هه‌ندێك لایه‌نی تر كۆمه‌ڵێك دروشمیان هه‌ڵگرتووه بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك، ئه‌گه‌ر نا بڕوایان به‌ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی نییه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی كرداری بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌نێت، سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌تی، به‌هیواین هه‌مووان پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌ن، چونكه جگه له سه‌ربه‌خۆیی هیچ ئاسۆیه‌كی تر نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابووری و سیاسییه‌كانی كوردستان.
د. ئیبراهیم عه‌لی موراد، مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان بۆ " وشه" ئاماژه‌ی دا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌ربه‌خۆیی عه‌یب و عار نییه و دروست پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، بۆیه هه‌ر كه‌سێكیش داكۆكی له‌و پرسه بكات، جێی شانازییه چونكه خه‌ون و ئاواتی هه‌موو كوردێكی به‌شه‌ره‌فه له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان.
دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه‌سێك كه باس له سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و له به‌رامبه‌ردا پێی ده‌گوترێت پارتییه، ده‌بێ شانازی بكات، چونكه كارێكی خراپی نه‌كردووه، سه‌ربه‌خۆیی پێوه‌ندی به هه‌موو تاكێكی كورده‌وه هه‌یه و مافی هه‌موو كوردێكه.
له‌باره‌ی ئه‌و قسانه‌ی له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێسی ئازاد جوندیانییه‌وه كراون، دكتۆر ئیبراهیم رای گه‌یاند، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر جوندیانی گوتراوه، نیشانه‌ی ناڕه‌حه‌تبوونی كه‌سانێكه له به‌رامبه‌ر جێهێشتنی به‌رپرسانی نێو حزبێك بۆیه تۆمه‌ت یا قسه‌ی ده‌خه‌نه پاڵ.
رۆژی 11ی شوبات، ئازاد جوندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند و دواتر روونی كرده‌وه، حزبه‌كه‌ی له ده‌ستێكی ئه‌میندا نه‌ماوه و له داكۆكیكردن له پرسی سه‌به‌خۆیی لای داوه.
گه‌رمیان-سه‌بری هۆرینی