پەمپی دووەمی هەوا چییە و گرنگی لەناو ئۆتۆمبێل چییە؟

:: PM:08:23:13/10/2020 ‌

شارەزایەکی میکانیکی ئۆتۆمبێل ئاشکرای دەکات، پەمپی دووەمی هەوا ''Secondary Air Pump'' ئەرکی سەرەکی بریتیە لە ڕاکێشانی هەوای پاک لەدوای فلتەری هەواوە بۆ ناو سیستەمی ئەگزۆس لەدوای دەکشنی گەرم. ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینی لە کەم کردنەوەی ئەو گازە زیانبەخشانەی کە لەناو دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەردەچن، چونکە وەک دەزانین هیچ بزوێنەرێک نییە کە لە کرداری سووتان چووستییەکەی لە 100% بێت.

لەمبارەیەوە، هانا ئیسماعیل ئەندازیار و شارەزای میکانیکی ئۆتۆمبێل بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، لە کۆندا ئەم پەمپە وەک پێکهێنەرێكی سەرەکی بەکاردەهات لە کەم کردنەوەی دەرپەڕینی گازی زیانبەخش، بەڵام لەدوای داهێنانی بەردی سالۆنسا بۆ سیستەمی ئەگزۆس، ئەوا ئەم پەمپە و پرژاندنی هەوای دەرەوە بۆ ناو سیستەمی ئەگزۆس وەک یارمتیدەرێک بۆ بەردی سالۆنسا بەکاردێت. بەتایبەتی لەکاتی سەرەتای دەست بە ئیش کردنی ئۆتۆمبێل کە هێشتا بەردی سالۆنسا و هەستیاریی ئۆکسجین ساردن دەستیان بەئیش نەکردووە، هەروەها تێکەڵەی سووتاوی ناو بزوێنەر تێکەڵەیەکی تێرە واتە بەنزین زیاتر بەکاردێ ئەمەیش دەبێتە هۆی نەسووتانی بڕێکی بەنزین و چوونەژوورەوەی هایدرۆکاربۆنی نەسووتاو بۆ ناو سیستەمی ئەگزۆس و ژینگەی دەوروبەر.

نەبوونی ئەم پەمپە ژینگەی دەوروبەریش پیس دەکات لەڕێگەی ئەگزۆسەکانی ئۆتۆمبێل

زیاتر گوتی، بەڵام لەگەڵ هەبوونی پەمپی دووەمی هەوا لەناو ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی تێکردنی هەوای پڕ ئۆکسجین بۆ ناو سیستەمی ئەگزۆس و سووتانی هایدرۆکاربۆنە نەسووتاوەکان و ڕێگری کردن لە چوونە دەرەوەیان بۆ ناو ژینگەی دەوروبەر، هەروەها لەگەڵ ڕوودانی ئەم کرداری سووتانە لەناو ئەگزۆس بەردی سالۆنسا زووتر گەرم دەبێ و دەست بەئیشی خۆی دەکات.

ئەمەیشی ئاشکرا کردووە، کە لەکاتی ئیش کردن و کوژاندنەوەی ئەم پەمپە لەڕێگای ئەقڵی ئۆتۆمبێلەوە ڕێک دەخرێت، هەروەها مەرج نییە ئەم پەمپ و سیستەمە لەناو هەموو ئۆتۆمبێلێک دا بوونی هەبێت، بەڵام زۆرێک لە کۆمپانیاکانی وەک ''تۆیۆتا، مارسیدس، فۆرد و ڤۆلکسواگن'' بۆ بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاریانهێناوە.

ئەم شارەزایە چەند نیشانەیەکی تێکچوونی یان هەبوونی کێشە لە سیستەمی پەمپی دووەمی هەوادا دەخاتەروو کە ئەمانەی خوارەوەن: 

یەکەم - هەڵبوونی گڵۆپی بزوێنەر.
دووەم - ئۆتۆمبێلەکە لە پشکنینی ژینگەدا دەرناچێت.
سێیەم - ئۆتۆمبێلەکە هەڵمەتی لاواز دەبێت.
چوارەم - ناجێگیری ئۆتۆمبێل و کوژانەوەی.
پێنجەم - کەم بوونەوەی فڕەی کرینگ لە سلۆریدا.






وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان

ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌