گەلاوێژ شەریفی خاتوونە دیزاینەری جلوبەرگی كوردی و مۆدە كە ئێستە نیشتەجێی سویسرایە، دوای ئەوەی بووەتە خاوەن چەندان دیزاینی جلوبەرگ بۆ كەسایەتییە بەناوبانگەكانی ئەوروپا، لە ئێستەدا ماركەیەكی جلوبەرگی لە ئەوروپا كردووەتەوە و خاوەنی ماركەیەكی تایبەت بەجلوبەرگە و بەنیازە بەم زووانە لە پاریس و نیویۆرك نمایشی تایبەت بەبەرهەمەكانی بكات.
لەوبارەیەوە گەلاوێژ بە"وشە"ی راگەیاند: شانازی دەكەم كە سەرەتای دەسپێكی كاركردنم لە بواری دیزاینی جلوبەرگ، بەدیزاینكردنی جلوبەرگی كوردی دەستم پێ كرد، دواتر وردە وردە دەستم كرد بەدیزاینی جلوبەرگی مۆدە، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی زۆرباشی هەبوو، لە ئێستەدا ماركەیەكی تایبەتی جلوبەرگم كردووەتەوە لە ئەوروپا بەناوی گەلاوێژ .
هەروەها گوتی، لە ئێستەدا بەنیازم نوێترین بەرهەمم لە بواری فاشیۆن نمایش بكەم لە نیویۆرك و پاریس، كارەكانم تەواو كردووە و تەنیا خەرجییەكی زۆری دەوێت و لە ئێستەدا سەرقاڵی ئامادەكارییەكانم، THE SWAN ناوی نوێترین بەرهەممە كە پێك هاتووە لە جلوبەرگی مۆدە و بۆكێنی سپی لەگەڵ Swarovski stones.
ئاماژەی دا، دیزاینی جلوبەرگم بۆ چەندان هونەرمەند و كەسایەتیی بەناوبانگی ئەوروپی ئامادە كردووە، جلوبەرگەكانم بەتایبەت لە تووك و پێستی ئاژەڵ دروست دەكەم، بۆیە زۆربەی كەسایەتییە بەناوبانگەكان لە بۆنە نێودەوڵەتی و رێوڕەسمە تایبەتی و گشتییەكان جلوبەرگەكانم دەپۆشن.
ئەوەشی گوت، جگە لەوەی لە ئەوروپا خاوەن ئەو ماركەیەم، هاوكات خەونم ئەوەیە لە كوردستان دووكانێكی تایبەت بەدروستكردنی جلوبەرگ بەناوی كوردستان بكەمەوە و تێیدا جلوبەرگەكان بنێرمە وڵاتانی دەرەوەی كوردستان كە ئەم كارە سوودی زۆری دەبێت بۆ وڵاتەكەم.
وشە/ شاخەوان شێخانی