روونكردنەوەی زیاتر لەسەر قەرزەكەی بانكی رەشید

:: PM:08:02:16/02/2017 ‌
 
لەبارەی هەواڵێكی بانكی ڕەشید كە ڕۆژی چوارشەم رای گەیاندبوو بەوەی قەرز بە هاووڵاتییان دەدات بە مەبەستی كڕینی ئۆتۆمبێل كە بە ماوەی پێنج ساڵ قەرزەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری زیاتر رادەگەیەنێت.

دوێنێ چوارشەم رەشاد خزەییر وەحید، بەڕێوەبەری بانكی ڕەشیدی عێراقی بە "سۆمەرییە نیوز"ی راگەیاندبوو كە بانكەكەیان بڕیاری داوە قەرز بە هاووڵاتییان بدات بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل و پاس و ئۆتۆمبێلی گەورە، كە دەبێ 90%ی نرخی ئۆتۆمبێلەكە تێنەپەڕێنێت و روونی كردەوە كە بەهای قەرزەكەش تا 30 ملیۆن دیناری عێڕاقی دەڕوات و دەبێ كەسی قەرز وەرگر لە ماوەی پێنج ساڵدا پارەكە بداتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو بڕیارانەی لە بانكەكانی عێراق دەردەچن هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو بانكانە داوای دڵنیایی دەكەن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو دڵنیاییەیان پێ نادات.

زیاتر گوتی، هیچ بانكێكی عێراقی ئامادە نییە كە پارە بدات بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە هەوڵ دراوە بۆ ئەوەی بڕیارەكانیان هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام بانكەكان داوای دڵنیایی دەكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی دا، هاوكات ئەو بڕیارەی بانكی رەشید كەركووك و ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و سەر بە بەغدان.

لە كۆتای لێدوانەكەیدا ئەحمەدی حاجی رەشیدا روونی كردەوە، ئەو بڕیارەی بانكی رەشید بۆ هەموو هاووڵاتییانە و لە بانكی رافیدەین بڕیارێكی لەو شێوە بە پێدانی قەرز بە فەرمانبەران هەیە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم