ماڵپەڕە سێكسییەكان لە هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێن؟

:: PM:08:15:16/02/2017 ‌

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی داخستنی ماڵپەڕە سێكسییەكان لە هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لەسەر پرسی داخستنی ماڵپەڕە سێكسییەكان ڕای گەیاندووە كە داخستنی ئەم جۆرە ماڵپەڕانە پێویستی بە یاسا هەیە و هەر كاتێك پەرلەمانی كوردستان یاسای تایبەتی بۆ دەركرد یان یاساكەی عێراقی دەربارەی داخستنی كەناڵە سێكسییەكان لە هەرێم بەركار بخات جێبەجێی دەكەین.

لە راگەیەندراوەكەدا مەولوود موراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕای گەیاندوە كە پشتگیری لە هەموو ئەو بۆچوونانە دەكەین كە داواكاری داخستنی ماڵپەڕە سیكسییەكان دەكەن، چونكە زیان بە هاووڵاتییان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی دەگەیەنێت و سەرگەرمیان دەكات لە زۆركاری سوودبەخش و باشی ئەم  تەكنەلۆجیایە، بەڵام ئەم پرسە پێوەستە بەو كۆمپانیایانەی كە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش دەكەن.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ پرسێكی لەو شێوەیەدا بكرێت و پێویست بە یاسایەكی تایبەت دەكات تا كۆدێك بدرێت بەو كۆمپانیایانە تا ئەو سایتانە داخەن .

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكە دەڵێ، لە عێراق قەدەغەكردنی ئەو سایتانە بە یاسا رێكخراوە كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەركراوە، بۆیە لە هەرێمی كوردستان بە هەمان شێوە پێویستمان بە یاسا هەیە و پەرلەمان دوو رێگەی لەبەردەستە یان ئەوەی ئەو یاسایەی لە عێراق دەرچووە لە هەرێمیش بەركاربێت یان رێگەی دووەم بگرێتە بەر كە پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسایەك پەسەند بكات.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم