بارزانی كەسایەتی هەفتەی ئەڵمانیایە

:: AM:10:40:19/10/2016 ‌

كەناڵی ئێن تی ڤی ئەڵمانیا، لە گۆشە بەردەوامەكەی بۆ هەڵبژاردنی كاریگەرترین كەسایەتیی هەفتە، لەم هەفتەیەدا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەك كاریگەرترین كەسایەتی هەڵبژاردووە.

كەناڵەكە بەناونیشانی "كەسایەتییەك لە هەفتە.. مەسعوود بارزانی- جەنگی مووسڵ كاریگەری لەسەر كوردستان دەبێ"، لەلایەن ڤان والفرام ڤایمەر وردەكاری و هۆكاری هەڵبژاردنی بارزانی بۆ كەسایەتیی ئەم هەفتەیەی كەناڵەكە دەستنیشان كراوە.

لە بابەتەكە نووسراوە، "ئەو فەرمانی بۆ هێرشی سەر مووسڵ دەست پێ كرد، داعشیش خەریكە دوا قەڵای لە عێراق لە دەست دەدا، پێویستە هەمووان سوپاسی كورد بكەن، پاش ئەمە جیهان ناتوانێ رێگرییان لێ بكات سەربەخۆیی رابگەیەنن".

درەنگانی شەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە جلێكی رەشی سەربازییەوە لەگەڵ نۆ ژەنەراڵی سوپای عێراق، دەستپێكی هەڵمەتی فرەوانی بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ ڕاگەیاند و گوتی، ئێستە كاتی سەركەوتن هات و ئەمڕۆ یەكەم رۆژی هەڵمەتی سەركەوتن و رزگاركردنەوەی مووسڵ لە توندوتیژی و تیرۆر دەست پێ دەكات، لە راستیدا مووسڵ دوا قەڵای تیرۆریستانی داعش لە عێراق و دووەم گەورەترین شاری وڵاتەیەكە لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014 تیرۆریستان كۆنتڕۆڵیان كرد و ئەبوبەكر بەغدادی گوتاری تێدا خوێند، بەڵام ئێستە خەریكن تێك دەشكێن و بۆ هەمیشە لە شارەكە وەدەر دەنرێن.

ئاماژە دراوە كە كوردەكان بە تایبەت و هێزەكانیان بەناوی "پێشمەرگە" بە وردی و ئازایەتییەوە شەڕ دەكەن و لە یەكەم هەڵمەتی شەڕی مووسڵ، پێشمەرگە توانیویانە 40 كیلۆمەتر بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی مووسڵ پێشڕەوی بكەن و نۆ گوند رزگار بكەنەوە و رێگەی سەرەكیی نێوان هەولێر- مووسڵیش بە تەواوی تا بەرتلە كۆنتڕۆڵ بكەن.

راپۆرتی رۆژنامەوانان لە سەنگەرەكانەوە ئاماژە بەوە دەكەن، كە هەر چەند تیرۆریستان هەوڵیان داوە لە رێی تیرۆریستی خۆكوژ و ئۆتۆمبێڵی بۆمبڕێژكراوە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بوەستێنن، پێشمەرگە شەهید و برینداری دا و گەیەنرانە نەخۆشخانەیەكی مەیدانی لە نزیك خازر، بەڵام پێشمەرگەكان لە پێشڕەوی ناوەستن و بەردەوامن، یەكێك لە پێشمەرگەكان بە پەیامنێری بی بی سی ڕاگەیاندووە، من ئەمڕۆ بە هەموو توانامەوە دەجەنگم، رەنگە بە سەربەرزییەوە شەهید بم، چونكە ئیتر كارێكم كردووە بۆ میللەتەكەم. كوردەكان سەركەوتووترین هێز لە شەڕی دژ بە تیرۆردا و لەلایەن رۆژئاواوە كۆمەك دەكرێن، ئەوان لە هەمان كاتدا كە دەجەنگن بۆ لەناوبردنی داعش، ئامانجێكی تریان گەیشتنە بە دەوڵەتی كوردی.

كەناڵەكە دەڵێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی، فەرماندەی هەماهەنگییەكان و دارێژەری نەخشەی نوێی ناوچەكە و پێداچوونەوەی، لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "نویە زوچێر تسایتونج"ی ئەڵمانی گوتی، رێككەوتنی سایكس-پیكوت كە لە 1916 ئەنجام درا و 100 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، نەخشەی ناوچەكەی بەناوی زلهێزان داڕشت، بەڵام لە واقیعدا ئەو نەخشانە وەك ئەوەن كە بوونیان نەبێ، بۆیە ئێستە كاتیەتی لایەنی تر بڕیار لەسەر ئەوە بدات و ئەو واقیعە قبووڵ بكرێت.

لە بەشێكی تردا كەناڵەكە نووسیویەتی، بارزانی رزگاركردنەوەی مووسڵ بە كلیكی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ئازاد دەبینێت، ئەو و زۆرینەی هەرە زۆری كورد رێككەوتنی سایكس-پیكوت دابەشكارییەكی نادادپەروەرانە بووە و بەهۆی ئەمەوە كوردستان بەسەر توركیا و ئێران و عێراق و سووریا دابەش كراوە. بۆیە بەردەوام زنجیرەی بێ كۆتای راپەڕین و شەڕ دژی زوڵمی ئەو وڵاتانە بوونی هەبووە، جەنگی مووسڵ كە بە جەنگێكی یەكلاكەرەوە دەبینرێ، پێویستە ئەمەریكا و رۆژئاوا بەڵێنمان پێ بدەن لە بەرامبەر ئەوە دەوڵەت دادەمەزرێنین، هەموو دەوڵەتێك سنووری سروشتی خۆی هەبێت، پێویستە هێزی لێ بكشێنرێتەوە، كاتێكی درێژ نەخایەنێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كە بارزانی دەزانێ و ئامانجیەتی دەوڵەتی كوردی بهێنێتە ئاراوە، ئەمەش بەبێ گرفت نابێت، بەجۆرێك لە جۆرەكان لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران و توركیا دەبێ، بۆیە بە گرنگی دەزانێت كە هەریەك لە عێراق و سووریا هەڵبوەشێنەوە، بەڵام ئەو دەیەوێ سنوورەكان ئارام بن و كاتێك باسی دەوڵەتیش دەكات، ئامانجی بە دەوڵەتبوونی باشووری كوردستانە.

لە ماوەی 10 ساڵی یەكەمی عێراقی دوای سەدام، دەستوور مافەكانی كوردی دابین كرد و حوكمی خۆبەڕێوەبەرییان هەیە و نەوتیان دەرهێنا و گەشەی ئابوورییان سەرسوڕهێنەر بوو، ئێستە دۆخەكە لەگەڵ بەغدا گۆڕاوە، بەڵام هاوپەیمانن لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریكا و پشتیوانی سەربازی و چەكیان پێ دەگات، بەڵام بارزانی نایەوێت وەك ئێستە دەوڵەتێكی شوێنكەوتووی عێراق بێت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەغدا نەیاندەویست كورد بەشداری هێرشی هاوبەش دژی داعش بكەن، بەڵام ئەمەریكییەكان لە ماوەی چەند مانگێك نێوەندگیرییان كرد و فشاریان خستنە سەر، پێشبینی دەكرێ بارزانی لە كۆتای رزگاركردنی مووسڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن بڕیاری پێویست و هەنگاوی زیاتر لە حوكمی خۆبەڕێوەبەری بهاوێ كە ئێستە هەیانە، ئەو پلان دادەنێ دوای مووسڵ راپرسی و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنێت.

بۆ بارزانی جەنگی مووسڵ كاروانێكە بۆ بەرەو پێشچوون، سەركردایەتییەكەی حەكیمانەیە بۆ هەرێمی كوردستان، نرخی نەوت دابەزیوە و كارمەندانی حكوومەت مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام ئەوە هیچ كاریگەری لەسەر بەرگریكردن نەبووە، ئەو دەستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە كەسوكاری خۆیەوە كردووە، ویلایەتەكەی تەواو بووە، پەرلەمان كۆ نابێتەوە و حكوومەت لە نێوان پارتی و حزبەكانی تر خەریكی هەڵوەشانەوەیە، بەڵام ئەو وردتر دەبینی و دەزانێ لە سەرووی هەموو ئەوانە گرنگتر و پێویست تر، جەنگی مووسڵە، بۆ دابینكردنی ئارامییەكی تەواو و جێگیركردنی دەسەڵاتی هەرێمەكەی و دواتریش راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، بۆیە دوای شەڕی مووسڵ داستانەكەی بارزانی بەشی دووەمی دەست پێ دەكات.

مەسعوود بارزانی كوڕی سەركردەی ئەفسانەیی كورد مستەفا بارزانییە، كە لە راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە دۆخێكی ئاڵۆزی دوای جەنگی دووەمی جیهان بەشدار بووە و پۆستی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی لەو دەوڵەتە هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی حكوومەتی ئێران هێرشی كردە سەر مەهاباد، بارزانی لەگەڵ سەدان لە پشتیوانانی بەرەو سۆڤیەت ڕۆیشتن و خۆیان ڕادەست نەكرد، دوای كودەتا سەربازییەكەی 1958ی عێراق، مەسعوود بارزانی گەڕایەوە عێراق و باوكی لە سۆڤیەت گەڕایەوە و لەگەڵ حكوومەتی عێراق كەوتە دانوستاندن بۆ وەرگرتنی حوكمی خۆبەڕێوەبەری، بەڵام دواتر گفتوگۆ و دانوستاندنەكان شكستیان هێنا و شۆڕشی بارزانی دەستی پێ كردەوە.

مەسعوود بارزانی كاتێك ژیانی خۆی دەناسێنێ خۆی وەك پێشمەرگەیەك پێناسە دەكات، ئەو كاتێك لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووە چووەتە ریزەكانی پێشمەرگە و شەڕكردنەوە، باوكی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، دوای كۆچی دوایی لە 1979، مەسعوود بارزانی سەرۆكایەتیی حزبەكەی وەرگرتووە، لە 2005 بۆ یەكەم جار لە پەرلەمان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە و دواتریش لە 2009 لە رێی هەڵبژاردنی راستەوخۆ بە دەنگی زیاتر 70%ی دەنگدەران، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوەتەوە. بارزانی باوكی پێنج كوڕ و سێ كچیشە.

كورد گەورەترین نەتەوەی دنیان كە تا ئێستە دەوڵەتێكی تایبەت بەخۆیان نییە، بەردەوام لەلایەن سیستەمە دیكتاتۆرەكانەوە زوڵمیان لێ كراوە و رێگری كراوە لەوەی بڕیار لە مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان بدەن، ئێستە سووریا و عێراق بوونیان نەماوە، هەردوو وڵاتەكە تەقیونەتەوە و نوقمی جەنگی ناوخۆیی بوون، بۆیە داڕشتنەوەی ناوچەكە بە نەخشەیەكی نوێ لە بەرنامەی كاری وڵاتانی دنیادایە.

لە دوو دەیەی ڕابردوو هەرێمی كوردستان سەلماندوویەتی كە دەتوانێ ببێتە دەوڵەتێكی فرەیی و دیموكراتی و مەدەنی و گەشەكردوو، هەرچەندە لە ناوچەكە جێگیریی سیاسی و تەناهی بوونیان نییە، بەڵام لە ڕووی تەناهییەوە كورد لە هەرێمی كوردستان سەركەوتنی یەكجار گەورەیان تۆمار كردووە، دەوڵەتی كوردی دەتوانێ ببێتە یەكێك لە دەوڵەتە بەهێزەكان، چونكە دەكەوێتە ناوچەیەكی نێوان سونە و شیعە، هاوكات پێگەی سەرەكی و سەكۆی ململانێی ئابووریی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی ئیسلامی و رۆژهەڵات دەبێت.

تەنانەت سیستەمی جێبەجێكردنیش لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە وڵاتانی رۆژئاوا نزیكە، كوردستان دوورگەیەكەی جیایە لە سیستەمی عێراق و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی عێراق، بۆیە لە بەرژەوەندیی رۆژئاوادایە كە هەمیشە بە ئاسایش و ئارامی بمێنێتەوە، چونكە هاوپەیمانێكی كارایە لە خاڵی میحوەربەندی و هێڵی بەیەكگەیشتنی ململانێكان، بۆیە بارزانی دەیەوێ ئەوانە هەموو لەبەرچاو بگرێت و دەڵێ، ئێستە كاتیەتی كورد داهاتوویی خۆیان دیاری بكەن، دوای سەركەوتن لە جەنگی مووسڵ.


سەرچاوە: پێگەی NTVی ئه‌ڵمانی.




وشە - باز ئه‌حمه‌د