سیروان بارزانی: لەوانەیە رزگاركردنی مووسڵ دوو مانگ بخایەنێت

:: AM:10:50:19/10/2016 ‌

یەكێك لە فەرماندەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ ئاشكرای كرد، لەوانەیە رزگاركردنی مووسڵ دوو مانگ درێژە بكێشێت.

سیروان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكی تەلەڤزیۆنی ئەمەریكی سی ئێن ئێن گوتوویەتی، " پێشبینی دەكەم رزگاركردنی یەكجارەكی شاری مووسڵ دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام دۆخی كەشوهەوا یەكێك لەو هۆكارانەیە كە لەوانەیە پڕۆسەكە دوا بخات."

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەش كردووە، پێ دەچێت تا هێزەكان دەگەنە نێو شاری مووسڵ، دوو هەفتە بخایەنێت. 

بەگوتەی سیروان بارزانی، بە هۆی ئەو نیگەرانییانەی لەبارەی روودانی جەنگی تایفی لە لایەن سەركردەكانی عێراقەوە خراوەتە ڕوو، تەنیا هێزەكانی پۆلیسی نیشتمانی و هێزەكانی سەر بە حكوومەتی عێراق بۆیان هەیە بچنە نێو شارەكەوە.

جێگەی باسە هاوپەیمانیەتییەكی ٩٤ هەزار كەسی كە لە هێزەكانی پێشمەرگە، سوپای عێراق، و هێزە ناوچەیییەكان و كەمینەكان پێك هاتووە، لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵدا بەشدارن.

لە رۆژی دووشەمەوە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ دەستی پێ كردووە و یەكەم سەركەوتنەكانی ئەو شەڕەش لە لایەن پێشمەرگەوە تۆمار كرا كە لە چەندان میحوەر توانییان ٢٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە رووبەری خاك لە دەستی داعش رزگار بكەن و پاشەكشە بە چەكدارانی داعش بكەن بۆ نێو شاری مووسڵ.

سەرچاوە/VOA


وشە - سلێمان تاشان