ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە میحوەری باشیك و تلكێف و ناوەران بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستان لە نێو بەعشیقە و تلكێف كردووە و زیانی زۆر و گورزی كوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاندووە.
سەرچاوەیەك لە تلكێفەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە فڕۆكەكان زۆر بە چڕی بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستان لە باشیك و تلكێف و ناوەران دەكەن و هەر جموجۆڵێكی تیرۆریستان بە چڕی مووشەكی فڕۆكەكانی پێ دەگات.
هەروەها گوتی، تیرۆریستان بە تەواوی خەریكی ڕاكردن و خۆ شاردنەوەن لە ترسی فڕۆكەكان، بەگوێرەی زانیارییەكان زیانی زۆر گەورە بە تیرۆریستان گەیشتووە و كوژراو و برینداری زۆریان لێ كەوتووەتەوە.
شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە و زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.
شارۆكەی تلكێف دەكەوێتە 18 كیلۆمتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و زۆرینەی دانیشتووانی مەسیحین و دواتریش كوردانی ئێزدی و عەرەبی سونە پێكهێنەری شارەكەن، بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی 35 هەزار كەس دەبێت.
رۆژی 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر یەكەم هێرشی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ دوای راگەیاندنی دەستپێكی شەڕەكە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەنجام درا، پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە بە بەشداری زیاتر لە چوار هەزار پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و تا نیوەڕۆ توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.
هاوكات لە میحوەری گەیارە و گوێڕێش هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە پێشرەویان كرد و لە رێی دابەزینی ئاسمانەوە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و دژە تیرۆری عێراق توانیان كارگەی گۆگردی میشراق كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
دوێنیش لە دووەم رۆژی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ، هێزەكانی عێراق لە میحوەری گەیارە و گوێڕ پێشڕەوییان كرد و توانیان ژمارەیەك گوند كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
مووسڵ دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارەكە نزیكەی دوو ملیۆن كەس بوو، لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی چوار فیرقەی سەربازی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و دوای دووساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هەڵمەت بۆ كۆنتڕۆڵ كردنەوەی شارەكە دەستی پێ كرد.