هاووڵاتییەك لە ئەشكەوتێكی سنووری شارەدێی خەلیفان سەر بە شارۆكەی سۆران دەكەوێتە خوارەوە و تیمەكانی بەرگری شارستانی سۆران دەگەنە شوێنی مەبەست، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێگای هاتووچۆ داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت بە هیلیكۆپتەر رزگار بكرێت.
عەمیدی مافپەروەر عیماد رێكانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند" ئێوارەی رۆژی پێنج شەم لە لایەن بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خلیفانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگادار كراینەوە لە هەبوونی رووداوێكی هەڵدێر لە شاخ كە هاووڵاتییەكی شوان لە سنووری شارەدێی خەلیفان ــ سرێشمە، لە لای ئەشكەوتی شخی سەنان كەوتۆتە خواەرهوە و گیانی لە مەترسیدایە".
ناوبراو زیاتر گوتی" هاووڵاتییەكە لە چیایەكی دوورە دەست لاقی شكابوو و رێگای هاتووچۆ نەبوو تیمەكانمان بگەنە شوێنی رووداوەكە، بۆیە راستەوخو پەیوەندیمان كرد لەگەل سەرەوەی خومان بۆ ناردنی هیلیكۆپتەرێك بو رزگاركردنی هاووڵاتی زامدار و خۆشبەختانە بۆ ماوەیەكی كەم هیلیكۆپتەر گەیشتە شوێنی هەڵدێران و هاووڵاتییەكە بە زووی گەیاندرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران و دواتر لە نەخۆشخانەی ئاشتی خەوێنرا، ئێستا باری تەندروستی هاووڵاتییەكە جێگیرە".
سۆران/ موڕشید برادۆستی