رواندز.. به‌ بێ ئاگاداری حكوومه‌ت زه‌وی دابه‌ش ده‌كرێت

:: PM:11:56:17/02/2017 ‌
كۆمیتەی رێكخستنی رواندزی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە هاوكاری پەرلەمانتارێكی حزبەكەیان چه‌ندین پاره‌چه‌ زەوی بەسەر ده‌یان له‌ كەس و كاری شەهیدان دابەش ده‌كات، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفال كراوەكانی سۆرانیش دەڵێت "دابەش كردنی زەوی كاری پەرلەمانتاری عێراق نیە و ناشكرێت لە بارەگای حزبی زەوی بۆ كەس و كاری شەهیدان دابەش بكرێت".

ئەشقی مەلا بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفال كراوانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند "رۆژی چوارشەم 2017 – 2 – 15 لە شارۆكەی رەواندز پەڕلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناوی (ئارێز عەبدوڵڵا) لە بارەگای كۆمیتەی رواندزی یەكێتی لەگەڵ وارسی 164 شەهید كۆبۆتەوە و هەڵساوە بە پێدان و دابەش كردنی رەقەمی زەوی به‌ سه‌ریاندا".

بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفال كراوەكانی سۆران ئاماژەی بەوەدا "دابەش كردنی پارچە زەوی بۆ كەس و كاری شەهیدان ئەركی وەزارەتی شەهیدان و وەزاەرتی شارەوانیە كە پێویستە لە رێگەی لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و لیژنەی شارەوانی زەوی دابەش بكرێت، كەچی لە بارەگای حزب بە مۆر و واژۆی حزب رەقەمی زەوی بە وارسی شەهیدان دەدرێت و جیاكاری دەخەنە نێو شەهیدان".

دابەش كردنی زەوی كاری پەڕلەمانتاری عێراق نییە و پێویستە پەڕلەمانتاران لە بەغدا بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، ئەو كارەی ئەو پەرلەمانتارە دەچێتە خانەی ململانێی سیاسی و ناكرێت لە ململانێی سیاسی موجامەلە بە خوێنی شەهیدان و كەس و كاری شەهیدان بكرێت، ئەم كارە دەبێتە ده‌ست وه‌ردانی حزب لەكارەكانی حكوومەت، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفال كراوەكانی سۆران وای گوت". 

لای خۆشیەوە، كوێستان ئەحمەد قائیمقامی شارۆكەی رەواندز بە "وشە"ی راگەیاند" ئاگادار نین كەوا لە بارەگای حزبی رەقەمی زەوی بە كەس و كاری شەهیدانی یەكێتی دراوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك پابەند نابین و وەكو حكوومەت ئه‌وه‌ ره‌ت دەكەینەوە و كار بەو رەقەمانە ناكرێت".

كوێستان زیاتر گوتی "بەپێی یاسا پێویستە دابەش كردنی زەوی لە رێگە شارەوانی و قائیمقامیەت و دەزگای شەهیدان و یەكەی ئیداری لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە بەفەرمی بێت، بە پێچەوانەوە بە كارێكی وەهمی دەزانین و لەلای ئێمە مامەڵەی پێوە ناكرێت".


ئاشكراشی كرد، ئەو زەویانەی كە بە نیازن بكرێنە رەقەم و دابەش بكرێن، كێشەیان هەیە و خاوەندارن و ناكرێت زەوی كەسێك بە كەسێكی تر بدرێت.

رواندز / موڕشید برادۆستی 


وشە - عه‌لی سدیق