لە كاتێكدا پڕۆژەكە بە هی بەرهەم ساڵح ناسراوە
حكوومەتی هەرێم بڕی 6 ملیار بۆ پاركی هەواری شار تەرخان دەكات

:: AM:08:46:18/02/2017 ‌


پاركی هەواری شار كە لە گەڕەكی هەواری شاری سلێمانی دروست كراوە، مێژووی دەستپێكی بۆ كابینەی شەشەمی حكوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتیی دەكرد، لەو وادەیەوە ئەو پاركە بە كارێكی تایبەتی بەرهەم ساڵح سەیر دەكرێت و بەدواداچوون و سەردانەكانی خۆشی بۆ ئەو پاركە ئەوە دەسەلمێنێت، بەڵام تەنیا بۆ شانۆی ڕۆمانی كە لە ناو پاركەكە بنیات دەنرێت، حكوومەت بڕی شەش ملیار دیناری تەرخان كردووە.
دوای ئەوەی بڕیار درا و سلێمانی لە ساڵی 2012ـەوە وەك پایتەختی ڕۆشنبیریی ناسێنرا، حكوومەتی هەرێم بڕی 20 ملیار دیناری بەخشی بە تەواوكردنی پڕۆژە ڕۆشنبیرییەكانی شارەكە، لەو بڕەش شەش ملیار دینار بۆ شانۆی ڕۆمانی تەرخان كراوە كە لەناو پاركی هەواری شار دروست دەكرێت، پاركەكە لەسەر ڕووبەری 4400 دۆنم زەوی دروست كراوە و جگە لەو شەش ملیارەی بۆ شانۆی ڕۆمانیی تەرخان كراوە، بڕی پێنج ملیار دیناری تری پێویستە بۆ تەواوكردنی و دروستكردنی هۆتێلی پێنج ئەستێرە و ڕێستۆرانت. 
ئەگەرچی ئەو پاركە لەناو خەڵكی شاری سلێمانیدا وەك پاركێكی تایبەتی بەرهەم ساڵح سەیر دەكرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، دەركەوتووە تەواوی تێچووی پڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و لە كابینە جیاوازەكانەوە دابین كراوە.
كەیوان قادر هاووڵاتییەكی دانیشتووی هەواری شاری سلێمانییە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو پاركەی هەواری شار بەرهەم ساڵح دروستی كردووە. ئەو گوتی، "خەڵك زۆرینە بۆچوونیان وایە كە ئەو پاركە هەموو تێچووەكەی لەلایەن بەرهەم ساڵح دابین كرابێت، بەتایبەتیش كە بەرهەم ساڵح زۆر لەو پاركە دەبینرێت ئەو بۆچوونە لای خەڵك دروست بووە كە ئەو كەسایەتییە بە وردی چاودێری پڕۆژەكەی دەكات".
پاركی هەواری شار، دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و بە سێ‌ قۆناغ كاری تێدا كراوە، زیاتر لە سێ هەزار جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێنراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بە سیستەمی ئەلیكترۆنی ڕێك خراوە.
ڕێبین جەمال ئەندازیاری شانۆی ڕۆمانی لەناو پاركی هەواری شار، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، شانۆكە 80%ـی كارەكانی تەواو بووە. ئەوەشی گوت، "لە بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیریی بڕی شەش ملیار دینار بۆ تەواوكردنی شانۆ ڕۆمانییەكە تەرخان كراوە."
"وشە" پێوەندی كرد بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڵام هەردوولا ئاماژەیان بەوە دا ئامادەی قسەكردن نین.

سلێمانی/ شاد كەیوان



وشە - تایبه‌ت