توركیا.. به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی S400 نرخی لیره‌ زیاتر داته‌پی

:: PM:02:51:17/10/2020 ‌
ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی بازاڕی بۆرسه‌ی دراو له‌ توركیا داخراوه‌ و نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی S400 له‌ ئاسمانی ده‌ریای ڕه‌ش، نرخی لیره‌ زیاتر داته‌پی، به‌هۆیه‌وه‌ كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته‌ دروست كرد‌، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ ڕۆژێكی ڕه‌ش له‌ مێژووی توركیا بۆ ئه‌و دراوه‌ تۆمار ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 17ی تشرینی یه‌كه‌م، موراد سوڵتان له‌ بۆرسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن به‌ "وشه‌"ی‌ ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره‌ زیاتر دابه‌زی، 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به 801 لیره‌ی توركی له‌ بۆڕسه‌كانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، له‌ بازاڕی ئازادیشدا تا 830 لیره‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌ و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كراوه‌.

زیاتر گوتی، "دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ ئه‌مڕۆ بڕیاری دا سیستمی به‌رگریی ئاسمانی ئێس-400ی ڕووسی بخاته‌ كار و دانه‌یه‌ك له‌ ده‌ریای ڕه‌ش له‌ شاری سینۆپی تاقی بكاته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا نیگه‌رانیان ده‌ربڕیوه‌ و چه‌ندان وڵات تاوتوێی سازانی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌یش بازاڕی دراو شڵه‌ژانی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌نی تا 850 لیره‌ بگات".

سیستمی S400 مووشه‌كی، سیستمێكی دژه‌فڕۆكه‌یه‌ و له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌نته‌ری دیزاینی ئه‌ڵماز له‌ ڕووسیا به‌رهه‌م هاتووه‌، له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ له‌لایه‌ن سوپای ڕووسیاوه‌ به‌كار دێت.

دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر بووه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ په‌نای بردبێته‌به‌ر چاپكردنی پاره‌ له‌ ناوخۆی وڵات.


وشە - محەمەد میران