دیسان چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لەقاو دەدرێن

:: PM:04:09:17/10/2020 ‌
بەپێی راپۆرتێک دەردەکەوێت ئێران لە دوای رێککەوتنی ناوکیش کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژووی کرد، لە چالاکییە ناوکییەکانی بەردەوام بووە و تەنانەت کۆمەڵێک بنکەی بە نهێنی دامەزراندووە.

گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئەو زانیارییەی ئاشکرا کردووە و راپۆرتەکەشی رادەستی ئەمەریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
ئەو بنکە ناوکییانە راستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری ئێراندابوون

ئەو بنکە ناوکییانە راستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری ئێراندابوون کە یەکێکیان لە نزیک تارانی پایتەخت هەڵکەوتووە.

دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرگری کە بە باڵی سیاسی رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران هەژمار دەکرێت لە واشنتن  و لە میانەی کۆنفرانسێکدا زانیارییەکانیان خستووەتەڕوو. ئەوان دەڵێن لە رۆژهەڵاتی تاران بنکەیەکی ناوکیی هەیە بە ناوی سۆرخێ حەسار.

عەلیرەزا جەعفەرزادە یەکێک لە نوێنەرەکان بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک وێنەی مانگی دەستکرد ئاماژە بەو شوێنە دەکات کە بە بنکەیەکی ناوکیی هەژمار دەکرێت و بنکەکەش لە لایەن رێکخراوی توێژینەوەی نوێی بەرگری سەرپەرشتی دەکرێت کە لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئێرانەوە دامەزراوە.

بە گوتەی جەعفەرزادە بنیاتنانی ئەو بنکەیە لە ساڵی 2012ەوە دەستی پێ کردوە و لە ساڵی 2017ەوە بەشیک لە چالاکییەکانی رێکخراوی توێژینەوەی نوێی بەرگری کە لە ژێر سەرپەرشتی کەسێک بە ناوی موحسێن فەخری زادەی مەەابادی دایە بۆ هەمان بنکە گواستراوەتەوە.
هەر لە ژێر زەوی تاقیکردنەوەکە ئەنجام دەدرێت

لەم بنکەیە و دوای ئەنجامدانی توێژینەوەکان بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، بەشێک هەیە بۆ تاقیکردنەوەی و هەر لە ژێر زەوی تاقیکردنەوەکە ئەنجام دەدرێت و بە پشتبەستن بە تەکنەلۆجیای تۆمارکردنی گوڕی بوومەلەرزە  کاریگەری و هێزی تەقینەوەکان هەڵدەسەنگێنرێن.

ئەو باسی لەوەش کردووە ئێران ئەو تەکنەلۆجیا نوێیەی بە نهێنی و بە شێوەیەکی نایاسایی لە رووسیا کڕیوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، لە کۆنفرانسەکەدا جەعفەرزادە ئاماژە بە بنکەیەکی تری ناوکیی دەکات بە ناوی مەریوان کە لە نزیک شارۆکەی ئابادە لە پاریزگای شیراز بنیات نراوە و ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسدارانی ئێراندایە.

بە گوتەی ئاژانسی فرانس پرێس، عەلیرەزا جەعفەرزادە هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو کە باس لە هیچ تەقینەوەیەکی تاقیکاری لە بنکەکەی نزیک تاران بکات، بەڵام هەر چییەک بێت ئێران بەم کارەی پێشانی دەدات ئەو رێککەوتنەی پێشێل کردووە کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژووی کرد.

ئەمەریکا لە ساڵی 2018 یەکلایەنە لە رێککەوتنەکە ەاتە دەرەوە و دۆناڵد ترەمپ گوتی ئەمە خراپترین رێککەوتنە کە ئەنجام درابێت و ئەم هەنگاوە بە هیچ شێوەیەک رێگری لە ئێران ناکات نەبێتە خاوەنی چەکی ناوکی، بۆیەش قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و ئەم سزایانەش تا ئێستە بەردەوامن.

لە ساڵی 2002 پەردەی لەسەر کۆمەڵێک بنکە و دامەزراوەی سەربازی لادا کە خەریکی چالاکی ناوکی بوون
موجاهیدینی خەلق پێشتریش لە ساڵی 2002 پەردەی لەسەر کۆمەڵێک بنکە و دامەزراوەی سەربازی لادا کە خەریکی چالاکی ناوکی بوون و توانی وڵاتانی دنیا رازی بکات بەوەی لە ئێران خەریکە شتێک دەکڕێت و ئەگەر پێشی پێ نەگرن، ئەوا بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دەشکێتەوە.

ئێران لەو کاتەوە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەت کردووەتەوە و گوتوویەتی ئەگەر هەر هەنگاوێکی ناوکیی بنێت، ئەوا ئامانجەکەی بەرهەمهێنانی وزەیە و وەک چۆن وڵاتانی تر سوود لەم تەکنەلۆجیایە وەردەگرن، ئەوا ئەوانیش حەز دەکەن سوودی لێ وەربگرن.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە تەواوی لە ئێران نیگەران بووە
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە تەواوی لە ئێران نیگەران بووە، بۆیەش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە چاودێری زیاتری ئێرانی کرد و وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش  لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێراندا کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی سنووردار درێژە بە چالاکییەکانی بدات، بەڵام وا پێ دەچێت ئەمە سنووردار نەبووە و ئەگەر ئێران بە فەرمی ئەو پێشێلکارییانەی لەسەر بسەلمێنرێت، لە داهاتوودا جگە لە ئەمەریکا وڵاتانی ری رێککەوتنەکەش لێی وەدەنگ دێن و بەرانبەری هەڵوێستیان دەبێت.

  


وشە - سلێمان تاشان