به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا به رێككه‌وتنێكی ناوخۆیی بریاری ئازادكردنی 631 گیراوی داعشی له كه‌مپی هول جێبه‌جێكرد و نوێنه‌ری په‌یه‌ده له سلێمانی ده‌ڵی ئێمه لێبوردنی گشتیمان بۆ ئه‌و داعشانه ده‌ركردووه كه هیج تاوانێكیان نه‌كردووه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه به‌پێی گوته‌ی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی په‌ده‌كه‌سه به سه‌دان ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌و حزبه ته‌نیا به‌هۆی بیری جیاواز له‌لایه‌ن حكوومه‌تی رۆژئاواوه گیراون و تا ئێسته چاره‌نووسیان دیار نییه.
رۆژی هه‌ینی ئه‌مجه‌د عوسمان گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی خۆسه‌ری دیموكراتیك هه‌واڵی ئازادكردنی 631 ئه‌ندامی داعشی له كه‌مپی هۆلی حه‌سه‌كه، نزیك سنووری عێراق بڵاو كرده‌وه و به ئاژانسی دویچه‌ڤێله‌ی ئه‌ڵمانی راگه‌یاند، ئه‌و لێبوردنه گشتییه به‌پێی رێككه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی عه‌ره‌بی سووریا ده‌رچووه.
فه‌تحوڵا حوسێنی، ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تیی به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری باكور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌مجه‌د عوسمان ره‌ت ده‌كاته‌وه و بۆ "وشه" ده‌ڵێ، ئه‌و ئازادكراوانه سه‌رجه‌میان هاووڵاتی سوورین و له داعشه بیانییه‌كان نین، ئه‌وه به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سووریای خۆسه‌ر و رێڤه‌به‌ری سووریای دیموكراتیك له رۆژاوای كوردستان لێبوردنی گشتییان بۆ ده‌ركراوه.
* تیرۆریست یان بێ‌تاوان
نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری باكور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا له‌باره‌ی ئه‌و تیرۆریسته ئازادكراوانه ده‌ڵێ، ئه‌وانه ئه‌و گیراوانه‌ی داعشن كه ده‌ستیان به خوێنی كه‌س سوور نه‌بووه، گیراوه‌كان سه‌رجه‌میان له كه‌مپی هۆل له حه‌سه‌كه و نزیك سنووری عێراق راگیرابوون و ژماره‌یان 631 كه‌سه.
حوسێنی بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌ی ئاماژه به‌وه ده‌دات، ئه‌و ئازادكراوانه چه‌ندان ساڵه له‌ناو كه‌مپه‌كه زیندانی بوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان له‌باره‌وه كراوه، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه بێ‌تاوانن و ئێمه‌ش له بێتاوانییان به‌ته‌واوه‌تی دڵنیاین.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی په‌ده‌كه‌سه پێی وایه ئه‌و بڕیاره له ده‌ره‌وه‌ی رۆژئاوا به‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ریدا سه‌پێنراوه و ده‌ڵێ، دیاره ئه‌و بڕیارانه له ده‌ره‌وه‌ی سنوور ده‌درێن و ئه‌وانه خاوه‌نی بڕیاری خۆیان نین، ئه‌وان دێن ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان به خوێنی گه‌نجی كورد سووره ئازاد ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا به سه‌دان گه‌نجی كورد كه زۆربه‌یان خه‌ڵكی كۆبانێ بوون له‌لایه‌ن داعشه‌وه گیران و تا ئیسته چاره‌نووسیان دیار نییه.
كاوه عه‌زیزی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه، بۆچی داخوازی ئه‌وه‌یان نه‌كلرد له به‌رانبه‌ر ئازادكردنی ئه‌و ژماره تیرۆریسته لانیكه‌م داوای جاره‌نووسی ئه‌و گه‌نجه كوردانه‌یان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ گیراون، كوژراون یان چی‌یان لێ به‌سه‌ر هاتووه، ئه‌و بڕیاره له‌ناو په‌یه‌ده ده‌رچووه، به‌ڵام به ئه‌مر و فشاری كێیه ئه‌وه‌یان نادیاره.
"ئازادكردنی 631 تیرۆریست ئه‌گه‌ر سوودێكی هه‌بێت، ته‌نیا سوودی حزبییه و به رێككه‌وتنێكی نهێنی ئه‌نجام دراوه، ئه‌گینا بۆ رۆژئاوا زیانێكی گه‌وره‌ی ره‌نگه لێ بكه‌وێته‌وه، ئه‌وان تیرۆریستیان ئازاد كردووه، ئه‌و تیرۆریستانه له‌وانه‌یه جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رشتنی خوێنی كورد" كاوه عه‌زیزی وای گوت.
* گیراوانی داعش ئازاد ده‌كرێن و گه‌نجانی كورد بێسه‌روشوێن
نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا ئه‌و دیلانه‌ی داعس به بێ‌تاوان ده‌زانێت و پێی وایه لێبوردنی گستی بۆ ئه‌وه كراوه هاووڵاتییانی سووریا به‌بێ تاوان له گرتووخانه رانه‌گیرێن، به‌ڵامئه‌و تێڕوانینه له كاتێكدایه به سه‌تان گه‌نجی كورد ته‌نیا به‌هۆی ئینتیمایان بۆ پارتی په‌ده‌كه‌سه و تێڕوانینی جیاواز له ده‌سه‌ڵات بێسه‌روشوێن كراون و تا ئێسته چاره‌نووسیان دیار نییه.
به‌پێی لێدوانی نوێنه‌ری رۆژئاوا ئه‌و بڕیاره له‌پێناو سه‌لماندنی رۆژئاوا وه‌ك به‌شێك له خاكی سووریا دراوه و ده‌ڵێ، ئێمه دوو ئامانجمان له ده‌ركردنی ئه‌و بریاره هه‌بوو، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی كه بڵێین ئێمه به‌شێكین له نه‌خشه‌ی سووریا و دووهه‌م ئه‌وه‌ی كه ئه‌وانه هاووڵاتی سوورین و بێ‌تاوانن، پێویسته ئازاد بكرێن و ده‌ست به ژیانی ئاسایی خۆیان بكه‌نه‌وه.
له به‌رانبه‌ردا، كاوه عه‌زیزی ئاشكرای ده‌كات، ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامانمان له‌ناو گرتووخانه‌كانی رۆژئاوا گیراون و حه‌وت مانگ زیاتره ناومان داون به رێوه‌به‌ری خۆسه‌ر و تا ئێسته هیچ وه‌ڵامیان پێ نه‌داوینه‌وه، له‌و گیراوانه هه‌ندێكیان بێسه‌روشوێنن، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی ئه‌وه‌سمان ده‌ست نه‌كه‌وتووه كه چاره‌نووسیان چی لێهاتووه.
فه‌تحوڵا حوسێنی پشتراستی ئه‌و داوایه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، ئه‌نه‌كه‌سه پێش ماوه‌یه‌ك داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له چاره‌نووسی گیراوه‌كانیان كرد و ئێسته لیژنه‌یه‌ك به فه‌رمانده‌یی مه‌زڵوم كۆبانی لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌یسه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزاننا بۆچی ئه‌وانه گیراون و تاوانیان چییه و كێ گرتوونی و ئێسته لای كێن.
* ئازادكردنی تیرۆریستان بێ ئاگاداری لایه‌نه‌كان بووه
ماوه‌ی زیاد له حه‌وت مانگه په‌یه‌ده له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له دانوستاندایه بۆ هاوبه‌شیكردن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆژیاوا، به‌ڵام له پرسێكی له‌و سێوه‌یه چاره‌نوسساز هیچ راوێژێك به لایه‌نه‌كانی رۆژیاوا نه‌كراوه و نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌ری خۆسه‌ری ده‌ڵێ ئه‌وان به‌شێك نین له به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ر بۆیه پرسمان پێ نه‌كردوون.
كاوه عه‌زیزی نایشارێته‌وه، ئه‌وان وه‌ك ئه‌ندامی لیژنه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی په‌ده‌كه‌سه و وه‌ك پارتێكی ناو ئه‌نه‌كه‌سه ئاگادار نه‌كراون و پرسیان پێ نه‌كراوه له‌باره‌ی ئازادكردنی زیندانیانی داعش له رۆژئاوا.
فه‌تحوڵا حوسێنی ده‌ڵێ، ئه‌و بڕیاره له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ر دراوه و لایه‌نه‌كانی تر تا ئێستا به‌شێك نییه له‌و به‌ڕێوه‌به‌رییه، بۆیه ئێمه له‌و بڕیاره‌دا بۆچوون و رای ئه‌وانمان وه‌رنه‌گرتووه.