ماوه‌ی سێ رۆژه، سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین له سنووری پارێزگای سلێمانی دیار نه‌ماوه و ئاسایشی راپه‌ڕینیش رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كه‌سه پێش چه‌ند رۆژێك له كۆتا خاڵی پشكنین كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه بینراوه و دواتر به‌ره و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه رۆیشتووه.
محه‌مه‌د گرتكی هاودید و به‌رپرسی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕینی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ماوه‌ی سێ رۆژه دیار نییه و ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی هاوپه‌یمانی نیشتمانی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و هاودیدهمان هیچ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نییه و ئه‌وه‌ی زانراوه له كۆتا خاڵی پشكنین به‌ره‌و قه‌ندیل بینراوه و دواتر دیار نه‌ماوه.
ئاسایش: ئه‌و كه‌سه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه دیار نه‌ماوه
لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د فازیل گوته‌بێژی ئاسایشی راپه‌ڕین به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و كه‌سه پێش چه‌ند رۆژێك له كۆتا خاڵی پشكنین كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه بینراوه و دواتر له سنووری ئێمه ده‌رچووه به‌ره‌و قه‌ندیل رۆشتووه كه له ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه و دیار نه‌ماوه.
روونیشی كرده‌وه كه ئه‌و كه‌سه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه دیار نه‌ماوه، "ئێمه ئاگاداری ئه‌وه نین، چونكه ئه‌و بازگه كۆتا خاڵی ئێمه‌یه و له‌وه زیاتر ده‌سه‌ڵاتمان نییه، قسه‌شمان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه نه‌كردووه، ئه‌و حزبه خۆیان پێوه‌ندییان هه‌یه و له به‌دواداچووندان".
هاوكات سه‌لام عه‌زیز ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و هاودیدهی ئێمه هیچ گرفت و كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نه‌بووه و له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێك كێشه‌ی نه‌بووه و نازانین هۆكاری دیارنهمانهكهی چییه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی