وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا هێرشکردنەسەر لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاگرتێبەردانی بارەگاکەی بە توندی سەرکۆنە کرد.
مۆرگان ئۆرتیگاس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا ئاماژەی بە دەقی بەیاننامەکە کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو کردەوە تێکدەرانەکانی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هەڕەشە لە ئاسایش و ئارامی عێراق دەکەن.
ئەو میلیشیایانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت کار دەکەن
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو میلیشیایانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت کار دەکەن بوونەتە هۆی لاوازکردنی دیموکراسی و بارگرژی و ناکۆکییە نەتەوەیی و تایفییەکان.
وەزارەتەکە داوای لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە لەم دۆخە هەستیارەدا کە کۆرۆنا و تەنگژەی ئابووری و هێرشەکانی داعش وەک کۆمەڵێک مەترسی بۆ سەر عێراق هەژمار دەکرێن، بە بەرپرسیارێتییەوە بجووڵێنەوە و گفتوگۆ بکەن.
پێویستە بگوترێت دوێنێ شەموو ژمارەیەک لە لایەنگران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و بێڕیزییان بە بەها و سینبولە نیشتیمانییەکانی کوردستان کرد. ئەم هێرشە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی جیاوازی بەدواوە بوو و شەرمەزار کرا.