حزبه‌كانی رۆژئاوا: ئاڵای كوردستان له‌ وڵاتی دیموكراتیدا سووتێنرا

:: PM:12:26:18/10/2020 ‌
تا دێت ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژی سووتاندنی ئاڵای كوردستان له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غدا زیاتر ده‌بێت، هه‌ریه‌ك له‌ هه‌سه‌ده‌ و ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دژی سووتاندنی ئاڵای كوردستانن و ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ی كراوه‌ كارێكی دوور له‌ مرۆڤانه‌یه‌ و بێڕێزییه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 18ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، فه‌تحوڵا حوسێنی ئه‌ندامی نوێنه‌رایه‌تی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ئاڵای كوردستان ئاڵایه‌كی فه‌رمییه‌ له‌ هه‌موو عێراق، ئاڵای نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌رگری زۆری بۆ دیموكراسی عێراق كردووه‌ بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی میله‌ته‌كانی عێراق و رزگاركردن له‌ دیكتاتۆریی.

سووتاندنی ئاڵای كوردستان و باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا كارێكی تیرۆرییه‌

ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌و كارانه‌ی رۆژی رابردوو ئه‌نجام دران، له‌ وڵاتێكدا كران كه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراتی ده‌كات، دژی ئه‌وه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌ و ئاڵای كوردستان سیمبۆلی میله‌تێكه‌ كه‌ كورده‌ و قوربانیی زۆری داوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ كاوه‌ عه‌زیزی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان سووریا به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، سووتاندنی ئاڵای كوردستان له‌ به‌غدا و باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان كارێكی تیرۆرییه‌ و توندوتیژییه‌ و بۆ مه‌رامێكی سیاسی و تایفه‌گه‌رییه‌.

ئه‌وه‌شی گوت، ئاڵای كوردستان ئاڵایه‌كی ده‌ستوورییه‌ و رێپێدراوه‌، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ ناوخۆش ئه‌و كاره‌ شه‌رمه‌زار كرا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی كرا كارێكی نامرۆڤانه‌ بوو، كێشه‌كان به‌و جۆره‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی


وشە - ڕێناس شابان