هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێن، ئه‌وانه‌ی حكوومڕانی عێراق ده‌كه‌ن به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌قڵییه‌تی ڕژێمه‌كانی پێش خۆیان ده‌ڕواننه كورد، ده‌بێت یه‌كگرتویی كوردی دروست بكرێت و پارێزگاری له شكۆی ئاڵا و خاكمان بكرێت.
هاوڕێ پێشڕه‌و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له پرسی ئه‌نفال، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئیدانه‌ی توندی ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ین، ده‌ستووری عێراق به فه‌رمی ددانی پێدا ناوه، ئه‌و بێڕێزییه ده‌چێته خانه‌ی ئیهانه‌كردنی پیرۆزیی میله‌تێك و شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان.
زیاتر گوتی: داوا له هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، هه‌وڵبده‌ن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی ڕێککەون کە ڕه‌فتاری له‌و جۆره له‌گه‌ڵ ئاڵای كوردستان دووباره نه‌بێته‌وه، ده‌بوو به‌رپرسانی باڵای كورد له عێراق و حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق پیرۆزیی ئاڵای كوردستانی به ته‌واوی عێڕاقییه‌كان بگه‌یاندایه، حكوومه‌تی عێراقی ئهقڵییهتێكی دوواكهوتوی خێڵه‌كی عهشایەریه بۆیه ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.
هەروەها گوتی، به‌و شێوازه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پیرۆزییه‌كانی گه‌لی كورد ئامانج بۆ ئه‌وه‌یه ململانێ و دووبه‌ره‌كی تۆخبكرێتهوه ئه‌وه‌ش بۆ قازانجی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی مشه‌خۆر و ده‌سه‌ڵاتدارە له عێراق، ئه‌م دۆخه له به‌رژه‌وه‌ندیی پێكه‌وه‌ژیانی عێڕاقییهكاندا نییه.
لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سووتانی ئاڵای کوردستان ئێمه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانی زۆر نیگه‌ران كرد، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ئه‌وەی ده‌سه‌ڵات و بیرۆكهیەی ئێسته له عێراق هه‌یه، ئه‌و ده‌سەڵات و پێگه سیاسی و سه‌ربازییەی ڕژێمی به‌عسی ڕووخاوی هەیە و زۆر زۆر له سه‌ددام و داروده‌سته‌كه‌ی خراپترە به‌رانبه‌ر به گه‌لی كورد.
ڕوونت کردەوە، كاتێك سه‌ددام ئه‌و خراپه‌كارییه‌ی به‌رانبه‌ر گه‌لی كورد کرد له‌وپه‌ڕی لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بووه، به‌ڵام ده‌بینین ئه‌و ته‌یارانه‌ی ئێسته‌ی عێراق پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان له ڕووی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی نییە، به‌ڵام ڕقی گه‌وره‌یان به‌رانبه‌ر گه‌لی كورد و خاكه‌كه‌ی هەیە، پاش ئه‌وه‌ش کە ئێمه خزمه‌تی ملیۆنان هاووڵاتی ئاواره‌ی ئه‌وانمان کردووە و قووتی خۆمانمان پێ داون، بۆیە ئه‌و عێراقه نابێته ئه‌و عێراقه‌ی هه‌موومان خۆمان به‌خاوه‌نی بزانین.
زیاتر گوتی، ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به ئاڵای كوردستان کراوە سووكایه‌تییه به خوێنی شه‌هیدان و تاك به‌تاكی گه‌لی كوردستان، نابێت كێشه‌ی سیاسی بگاته ئه‌وه‌ی پیرۆزییه‌كان بسووتێندرێن، به‌ڕای ئێمه ئه‌و عێراقه‌ی هه‌یه جێگای ئومێد نییه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و لایه‌نانه‌ی دژایه‌تی گیانی كوردستان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی پێیان كرابێت به‌رانبه‌ر ئێمه كردوویانه، به بڕینی قوتی خه‌ڵكی و هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌مان و داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان، ئێسته‌ش هێرشكردنه سه‌ر باره‌گای پارتی و سووتاندنی ئاڵای كوردستان، سووكایه‌تییه به خوێنی شه‌هیدان و جێگای نیگه‌رانییه.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز هه‌ورامی