وەك پێشتر هاتە راگەیاندن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازە سەردانی چەند وڵاتێكی ئەوروپا بكات، ئەمڕۆ یەكشەم 18ی تشرینی یەكەم، بەرەو پاریسی پایەتەختی فڕەنسا بەڕێ كەوت و چاوەڕوان دەكرێ سەردانی هەریەك لە بەریتانیا و ئەڵمانیاش بكات.
گفتوگۆكان پەرەپێدانی پێوەندییە ئابووری و تەناهی و تەندروستییەكان دەگرێتەوە
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كازمی بەغدای بەرەو پاریس جێهێشتووە، ئەوەیش لە دەستپێكی سەردانێكی بۆ وڵاتانی ئەوروپا كە فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا دەگرێتەوە، تیایاندا چەند دیدارێك لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە ساز دەكات و چەند پرسێكی گرنگیان لەگەڵ باس دەكات.
كازمی لە سەردانەكەی ژمارەیەك وەزیر و سەرۆك دەستەكان هاوەڵی دەكەن، ئەوان گرنگی زیاتر بە پەرەپێدانی پێوەندییە ئابووری و تەناهی و تەندروستییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەدەن، جگە لە باسكردنی پەرەسەندنەكانی دۆخی عێراق و ناوچەكە و دنیا و چاوەڕوان دەكرێ چەند رێككەوتنێك ساز بكەن.
باڵوێزخانەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ رای گەیاند كە سێشەمی داهاتوو كازمی سەردانی بەرلین دەكات و چاوی بە ئەنجێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا دەكەوێ و باسی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و هاریكاریی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و جەنگ دژ بە داعش و چەند پرسێكی تر دەكەن.