"جەلالینامە" چاپ کرایەوە

بەرگی چاپی دووەمی کتێبی جەلالینامە
:: AM:11:06:19/10/2020 ‌
کتێبی "جەلالینامە"ـی حەمەسەعید حەسەن نووسەر و ڕەخنەگر، بۆ جاری دووەم چاپ کرا، ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە و لە کتێبخانەکان دەست دەکەوێت.

چاپی دووەمی جەلالینامە لە چاپەکەی پێشوو دەوڵەمەندترە

حەمەسەعید حەسەن نووسەر و ڕەخنەگری ناسراوی کورد، بۆ جاری دووەم کتێبی "جەلالینامە"ـی چاپ کردەوە، بەپێی پۆستێکی خۆی کە مانگێک بەر لە ئێستە لە هەژمارە تایبەتەکەی لە فەیسبووک کردبووی دەڵێ: چاپی دووەمی جەلالینامە لە چاپەکەی پێشوو دەوڵەمەندترە.

کتێبی "جەلالینامە" بریتییە لە كۆمەڵێك ساتیرە شیعر لەسەر جەلال تاڵەبانی و جەلالییەكان كە دەستەواژەی ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە بۆ شوێنكەوتووانی تاڵەبانی.

نووسەری کتێبەکە لەو ساتیرانەدا كە بە زمانی قۆشمە و كۆمێدیای ڕەش نووسراون، نهێنیی زۆر و پەڵەی سەر جەلالییەكانی هەڵماڵیوە، لە كوشتن، تاڵانی، ئەتككردن، هەڕەشە و زۆری تر، بەشێكی كەسایەتییەكان بە ڕوونی ناویان هاتووە و بەشێكیشی بە هێما باسیان كراوە.

جەلالینامە، کتێبێکی ڕەخنەی سیاسییە، چاپی یەکەمی ساڵی 2004 بڵاو کرایەوە، هەرزوو لەناو خوێنەراندا دەنگی دایەوە و بەتەواوی فرۆشرا، نووسەر ئەمساڵ چاپی دووەمی بڵاو کردەوە و یٔێستە لە ناوەندەکانی کتێبفرۆشی دەست دەکەوێت.

سۆران عەزیز خاوەنی کتێبخانەی "ماڵی وەفایی" کە یەکێکە لەو ناوەندە کتێبفرۆشییانەی "جەلالینامە"ـی لێ دەست دەکەوێت، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کتێبەکە بڵاو بووەتەوە، لە بەیانییەوە پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت و ژمارەیەکی زۆری لێ فرۆشراوە.


وشە - ڕێناس شابان