ئەمەریكا شەش كۆمپانیای چینی لەسەر هاوكاریكردنی ئێران سزا دا

:: AM:10:50:20/10/2020 ‌
ئەمەریكا بڵاوی كردەوە دوو هاووڵاتی و شەش كۆمپانیای چینی لەسەر هاوكاریكردنی كۆمپانیایەكی گواستنەوەی دەریایی ئێران سزا دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا باسی لە كەرتی گواستنەوەی دەریایی ئێران كردووە كە لە هاوینی ئەمساڵەوە سزای خراوەتە سەر و هەر وڵات و كۆمپانیایەك لەگەڵ كۆمپانیاكانی پێوەندیدار هاوكاری بكات، ئەوا سزا دەدرێت.

پێشتریش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەڕەشەی لە تەواوی وڵاتان و كۆمپانیاكان كرد بە هەر شێوەیەك هاوكاری ئێران بكەن، ئەوا بە توندی سزا دەدرێن.
ئەمەریكا پێی وایە ئێران بۆ مەبەستی بازرگانی سوود لەم كەرتە وەرناگرێت

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، هۆكاری سزادانی كەرتی گواستنەوەی دەریایی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمەریكا پێی وایە ئێران بۆ مەبەستی بازرگانی سوود لەم كەرتە وەرناگرێت، بەڵكو لە رێی كەشتییەكانەوە بە بیانووی گواستنەوەی شتومەك، چەك و پێداویستی سەربازی بۆ گرووپە توندڕەوەكان دەگوازێتەوە.

گرووپی گواستنەوەی دەریاوانی ریچ هۆڵدینگ كە  بنكە سەرەكییەكەی لە شانگهایە، لەگەڵ ریچ شیپینگ لاینز دەرفەتی ئەوەیان بە كەشتییەكانی ئێران داوە بارەكانیان لە بەندەرەكە بەتاڵ بكەن.

بەڕێوەبەر و سەرۆكی گرووپی ریچ هولدینگیش خراوەتە لیستی رەشەوە و لە لایەن ئەمەریكاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە. بەو پێیە پارەی ئەو كۆمپانیایە و پارەی خاوەنەكەی لە ئەمەریكا دەستی بەسەردا دەگیرێت و هیچ كۆمپانیایەكی ئەمەریكاش رێی پێ نادرێت مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكەدا بكات.



وشە - سلێمان تاشان