ئابووری ئێران رووی لە داڕمانە

:: PM:03:45:20/10/2020 ‌
سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە راپۆرتێكدا باس لە دۆخی ئابووری ئێران دەكات و دەڵێت، كۆی پاشەكەوتی یەدەگی دراوی ئێران لە ساڵی 2018 نزیكەی 121 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام تا ساڵی 2019 بۆ 12 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار دابەزی و ئەمساڵیش دیسان دابەزیوە و گەیشتووەتە هەشت ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە لە داهاتوودا.

ئەو بڕە پارەیەی سندووقەكە لێكۆڵینەوەی لەسەر كردووە، مەبەستی ئەو پارانەیە كە حكوومەت دەستی پێیان رادەگات  و دەتوانێ بەكاریان بهێنێت. لەو ئامارە باسی ئەو سەرچاوە داراییانە نەكراوە كە لە لایەن وڵاتانی ترەوە بلۆك كراوە یان دەستیان بەسەردا گیراوە.
قەبارەی ئەو داراییانەی لە دەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هی ئێرانن، دەگاتە 85 ملیار دۆلار

لە راپۆرتی پێشووی سندووقی نێودەوڵەتی دراو كە بەهاری ئەمساڵ بڵاو كرایەوە، باس لەوە كرابوو قەبارەی ئەو داراییانەی لە دەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هی ئێرانن، دەگاتە 85 ملیار دۆلار و ئەو بڕەش لە هی ساڵی 2019 نزیكەی 19 ملیار دۆلار كەمتر بووە و پێشبینی دەكرێ لە ساڵی داهاتوودا ئەو بڕە پارەیەش بۆ 69 ملیار دۆلار دابەزێت.

لەم راپۆرتە نوێیەی سندووقەكە بە گشتی ئاماژە بەوە نەكراوە كۆی سامان و پارەی ناوخۆیی و دەرەكی چەندە، بەڵام ئاماژە بەوە كراوە كۆی ئەو بڕە پارەیەی لە بەردەستی حكوومەتی ئێراندایە چەندە كە بە هەشت ملیار و 800 ملیۆن دۆلار دەستنیشان كراوە و بڕی ئەو پارەیەش ئەوەندە كەمە كە لە داهاتوودا كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دراوی ئێرانی دەبێت و دیسان كەمبوونەوەی دراوی بیانی لە نرخی تمەن دادەبەزێنێت.
قەبارەی ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕەوە، زۆر لە ئاستی داخوازی هاووڵاتییان كەمترە.

هەر ئەمساڵ بەهای دۆلار بەرانبەر تمەنی ئێرانی دوو هێندە هەڵكشاوە و تەنانەت تا سەرووی 32 هەزار تمەنیش بۆ هەر دۆلارێك تۆمار كراوە. گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بریتییە لەوەی قەبارەی ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕەوە، زۆر لە ئاستی داخوازی هاووڵاتییان كەمترە. حكوومەت تەنیا كاتێك دەتوانێت رێگری لە زیاتر دابەزینی نرخی تمەن بكات كە پارەی زیاتری دۆلاری بەدەستەوە بێت و بە هۆكار و بیانووی جیاواز بیڕژێنێتە بازاڕەكانەوە.

هەناردە و بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتوی ناوخۆیی

سندووقی نێودەوڵەتی دراو پێشبینی كردووە كۆی قەبارەی هەناردەی ئێران بە نەوت و سەرجەم كاڵا و خزمەتگوزارییەكانەوە بگاتە 52 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار. ئەم قەبارەیە لە ساڵی 2018دا بریتی بوو لە 103 ملیار دۆلار.

هۆكاری سەرەكی دابەزینی ئەو داهاتە بۆ دابەزینی قەبارەی هەناردەی نەوتی ئێران دەگەڕێتەوە. هەر بەپێی راپۆرتەكە پێشبینی كراوە بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی پێترۆڵیی ئێران لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 8.5% دابەزێت. هاوكات بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناپێترۆڵی 4.5% دابەزێت و بە گشتی ئابووری ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو 5% بچووكتر ببێتەوە.

لە سێ ساڵی رابردوودا ئابووری ئێران 17% بچووكتر بووەتەوە
لە سێ ساڵی رابردوودا ئابووری ئێران 17% بچووكتر بووەتەوە و سێیەم ساڵی لەدوای یەكە ئابووری پاشەكشە دەكات. مەرجی سندووقەكە ئەوەیە ئێران لە هەناردەی نیو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تا كۆتایی ساڵ بەردەوام بێت، كەچی ئامارەكان باس لە 300 تا 400 هەزار بەرمیل دەكەن و دیاریش نییە پارەی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت بەدەستی ئێران دەگات یان نا.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئێران پێنج ملیار دۆلار بە چین قەرزدارە و لەوانەیە بەشێك لەو نەوتەی هەناردەی چینی دەكات لە بری قەرزەكە بێت. سووریا و ڤەنزوێلاش لە ئێران سووتەمەنییان وەرگرتووە و لانیكەم ئەوەش دیار نییە سووریا لە بەرانبەردا هیچ بڕە پارەیەك بە ئێران دەدات یان نا.
پێشبینی دەكرێت كورتهێنانی بودجەی ئێران لەمساڵدا 9.6%ی كۆی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بێت

بۆ ئەوەی ئێران تووشی كورتهێنانی بودجە نەبێت، بە بۆچوونی سندووقەكە كاتێك ئەمە روو نادات كە ئێران لە بری فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوت 521 دۆلاری دەست بكەوێت، لە كاتێكدا نرخی نەوت 40 دۆلارە، بۆیەش پێشبینی دەكرێت كورتهێنانی بودجەی ئێران لەمساڵدا  9.6%ی كۆی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بێت كە دەكاتە 58 ملیار دۆلار.

هەروەها چاوەڕوان دەكرێت قەرزی پاڵاوتووی حكوومەتی ئێران لەمساڵدا 44% ی كۆی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتوی ناوخۆیی بێت و بگاتە 258 ملیار دۆلار.

لە ساڵی 2018دا قەرزی پاڵاوتووی ئێران 27%ی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بوو و ئەمەش پێشانی دەدات قەرزەكان بە خێرایی بەرز بوونەتەوە.

قەبارەی گشتی هەناردەی ئێران لەمساڵدا دەگاتە 35 ملیار دۆلار
سندووقی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەكەیدا بە زیادەوە باسی لە داهاتەكانی ئێران كردووە، لە كاتێكدا ئەگەر بە راستی لێك بدرێتەوە داهاتەكان زۆر كەمترن. بۆ نموونە ئیرەج حەریری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و چین گوتوویەتی قەبارەی گشتی هەناردەی ئێران لەمساڵدا دەگاتە 35 ملیار دۆلار، كەچی لە پێشبینییەكەی سندووقەكە باس لە 52 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار كراوە.



وشە - سلێمان تاشان