بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان لەو بازاڕانە بووە کە بەردەوام قەرەباڵغ بووە بەڵام گەرمی و ساردی بازارەکە بە رووداوە ئابووری و سیاسییەکان گرێ دراوە و سێ هەفتە دەبێت رووی لە سستی کردووە.
حاجی سەباح خاوەنی پێشانگەی بەهار بۆ "وشە" گوتی سێ هەفتە دەبێت بازاڕی ئۆتۆمبێل کز بووە و ناشزانن هۆکارەکەی چییە.
ئەو روونی کردەوە ئیتر لەگەڵ ئەم بازاڕە راهاتوون و هەر بە گشتی دەمێکە بازارەکە باش نییە و جاروبار کەمێک باش دەبێت و جارجارەش سست دەبێتەوە.
زیاتر بازاڕی ئۆتۆمبێلی بچووک و ئەو جۆرانەی ئۆتۆمبێل خۆشە کە نرخیان بەرز نییە.
بە گوتەی حاجی سەباح هەر چەندە بازاڕەکە بە دڵی ئەوان نییە بەڵام دیسان خەڵکێک هەیە ئۆتۆمبێل دەکڕیت و زیاتریش بازاڕی ئۆتۆمبێلی بچووک و ئەو جۆرانەی ئۆتۆمبێل خۆشە کە نرخیان بەرز نییە.
لە لایەکی ترەوە هیوا محەمەد کە لە هەمان بازاڕ وەک دەلاڵ کڕینی و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێل دەکات بۆ "وشە" خستیەڕوو دۆخی دارایی خەڵک بە گشتی باش نییە و بۆیەش خەڵک ئەگەر پارەی زیادەی بەدەستەوە نەبێت نایەوێت ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت و هەر بەوەی هەیەتی رازییە و هەر کاتێکیش پارەیەک کەوتە بازار و تۆزێک داهاتی خەڵک باش بوو راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل دەبێت.
دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتە گشتییەکان باش نییە و مانگانە مووچەی فەرمانبەرانیش دوا دەکەوێت و لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت، جگە لەمانە دۆخی سیاسی عێراقیش بە گشتی ئاڵۆزە و ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر بازارەکانیش داناوە.