"ئێران گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێك دەكات جگە لە سەقامگیریی عێراق نەبێت"

:: PM:08:18:20/10/2020 ‌

ململانێیەكی بەهێز لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی دنیا لەسەر عێراق هەیە، ئێران نایەوێ دەستبەرداری عێراقێكی دەوڵەمەند بێت و بە سوودبینین لە وابەستە تایفییەكەی لەگەڵ شیعەی عێراق، بە تاكە رێگەی هەناسەدانی بەرانبەر بە سزاكانی ئەمەریكای دەزانێت، سیاسەتوانێكی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئێران گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێك دەكات، جگە لە عێراق نەبێت.
پێویستە كازمی وەك پیاوی دەوڵەت كار بكات یان بچێتە كونجێكی مەترسیداری مێژوو
میسال ئالووسی، سیاسەتوانی عێراق بە "وشە"ی گوت، زیاترین شت كە ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق نیگەران دەكات كۆتاهاتنی داعشە، چونكە ئەوان بەدوای پاساوی مانەوە و باڵادەستیان دەگەڕێن، ئەو هێزانەی بڕیار لە دەرەوە وەردەگرن، ئەوان دەیانەوێ پەیامێكی روون بگەیننە ئەمەریكا كە بە رێككەوتن یان بێ رێككەوتن بە پەرەسەندن یان نا، عێراق بریتییە لە زرییەك و باخچەی پشتەوەی ئێران، بۆیە پەیامەكانیان بۆ ترەمپ و بایدنە، كە ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێك بكات، جگە لە سەقامگیریی عێراق نەبێت.

زیاتر گوتی، ئێران داوا لە حزبوڵا دەكات بۆ رێگەدان بە لبنان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو پەیامی دڵنیاكەرەوە بە ئاراستەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات، دڵنیایی دەداتە سعوودیە و كەنداو و توركیا و ئەمەریكایش، تەنیا بەرانبەر بە عێراق نەبێت، ئەوان بە ئەمەریكا دەڵێن عێراق هی ئێمەیە، ئەوەیش لە سۆنگەی تۆڵەسەندنەوە و رق و فرەوانخوازی و بەشێكی سەرانی دەوڵەتی عێراق لە بەغدا سەر بە ئێرانن و ملكەچی ئەون.

"هێرشەكەی سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، كورد و خەڵكی بەغدا و عیمارە و مووسڵی كردە ئامانج، پەیامێكی روون بوو بۆ خۆپێشاندەرانی تشرین بەوەی میلیشیاكانی ئێران ئامادەن بۆ سەركوتكردنی ئەوان، پەیامێكی ئێران بوو بۆ هەموو عێراقییەكان، كە ئێمەین كاربەدەستی عێراق و تۆیش ئەی مستەفا كازمی، كەسێكی لاوازی، هاوكاتیش بوو لەگەڵ گەشتەكەی كازمی بۆ ئەوروپا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، پەیامێكە بۆ ئەوروپییەكان كە سەرۆك وەزیرانێك سەردانتان دەكات، هیچ توانا و هێزێكی نییە و هیچی بەدەست نییە و ئێمەین خاوەن بڕیار، ئەوەیش زۆر مەترسیدارە"، ئالووسی وای گوت.

ئەو سیاسەتوانە دووپاتی كردەوە، كازمی دەیەوێ هاوسەنگی لە نێوان بوونی ئێران و میلیشیاكان لە عێراق دروست بكات، دەیەوێ لە گەندەڵكاران بدات، بەڵام بچووكەكان، شكۆی دەوڵەت واتە شكۆ و بەردەوامی دەسەڵاتی دەوڵەت، بۆیە جیاوازی زۆر لە نێوان شكۆی حكوومەت و بەردەوامی و شكۆی دەوڵەت و بوونی هەیە، تا ئەو ساتە ئێران و میلیشیاكان و دەوڵەتی قووڵ، كەمترین ئاستی ئاوی روویان بۆ كازمی نەهێشتووەتەوە و بە هێرشەكەی شەمووی رابردوو راستەوخۆ شەرمەزاریان كرد، بۆیە پێویستە ئێستە وەك پیاوی دەوڵەت كار بكات، یان بچێتە كونجێكی مەترسیداری مێژوو، كە من وەك هەڵاتووێكی بێ توانای دەبینم.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل