80%ی دەرمانی دێتە ناو عێراق ساختەیە

:: PM:09:22:20/10/2020 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق ئەندام لە شانەی تەنگژەی پەرلەمان ئاماژە دەكات كە 80%ی ئەو دەرمانەی دێتە ناوخۆی عێراق ساختەیە، سەندیكای دەرمانسازانی عێراقیش رەتی دەكاتەوە و داوای بەڵگە دەكات و وەزارەتی تەندروستیش ددان بە بوونی دەرمانی قاچاغ دادەنێت.
زۆرینەیان لەو بابەتە تێوەگلاون
ئەمڕۆ سێشەم جەواد مووسەوی، بڕیاردەری شانەی تەنگژەی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە 80%ی دەرمانەكانی لە عێراق هەیە ساختەیە، ئەو لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە رێژەی دەرمانی ساختە و قاچاغ لە عێراق دەگاتە 70-80%ی كۆی دەرمانی لە عێراق هەیە، ئەو بەرپرسیارەتییەكەی خستە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای دەرمانسازان و روونی كردەوە، رێوشوێنی ئەوان بۆ رێگرتن لە قاچاغی دەرمان زۆر لاوازە، چونكە زۆرینەیان لەو بابەتە تێوەگلاون.

لە وەڵامی ئەو پەرلەمانتارە، موسەنا تائی، گوتەبێژی سەندیكای دەرمانسازانی عێراق گوتی، ئەو رێژەی 80%ی باسی كراوە، راست نییە و ئەو قسانە بێ بەڵگە كراون، ستەم لە لیژنەی چاودێری وەزارەتی تەندروستی كراوە، رەنگە هەندێك دەرمان كە زۆر بەكار نایەت لە دەرمانخانەكان بەسەر بچێ و بۆ كۆمپانیاكان دەگەڕێندرێتەوە و لەناو دەبرێت. 

لای خۆیەوە سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بوونی قاچاغی دەرمانی لە عێراق نەشاردەوە و رای گەیاند كە قاچاغی دەرمان هەیە و وەزارەتی تەندروستی لە كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان بەرپرس نییە و وەزارەت رەزامەندی هێنانی دەرمان بێ زانینی قەبارە و وڵاتی دروستكەر نادات.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل