ئاری ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر له‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ "وشه" باس له كێشه‌ی پێوه‌ری ئاو، شكانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ ده‌كات، داهاتی مانگانه‌ی ئاو له رێی ئاوه‌وه بۆ حكوومه‌ت له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ده‌خاته ڕوو.
*كێشه‌ی پێوه‌ری ئاو چییه كه هاووڵاتییان لێی نیگه‌رانن؟
دوو بابه‌ته، به‌شی میكانیكی وه‌ك پارچه‌كان، به‌پێی رێنوێنییه‌كان دراوه به چه‌ند كۆمپانیایه‌ك، كه كڕین و فرۆشتنی پێوه ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی تر پاره‌ی ئاوه، هۆكاری ئه‌وه نیگه‌رانییه و سێ هۆكاره له‌وانه: به‌كارهێنانی بڕێكی زۆر ئاو له‌لایه‌ن هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها ئه‌و پێوه‌ره میكانیكییه كێشه‌ی تێدایه، وا پێشان ده‌دات زۆر خوێنرابێته‌وه، ئه‌وه‌ی تر خوێنده‌وه‌ی پێوه‌ره‌كه‌یه، زۆرجار به‌هۆی هه‌ڵه‌ی مرۆیی تۆمار ده‌كرێ له ناو سیستمه‌كه وا ده‌كات پاره‌یه‌كی زۆر بۆ هاووڵاتییان بێته‌وه.
*بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وه چی بۆ هاووڵاتییان ده‌كه‌ن؟
ئه‌وه‌ی پێویسته هاووڵاتییان خۆیان قوفڵی ئاوه‌كانیان به‌باشی چاودێری بكه‌ن، ماتۆڕی ئاو باشتره ئۆتۆماتیك بێت، ته‌وافه هه‌بێ له‌ناو تانكییهكان، تا ئاو به‌فیڕۆ نه‌ڕوات. ئه‌وانه‌ی تر كه كێشه‌ی ته‌كنیكین سه‌ردانی ئێمه ده‌كه‌ن، به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین كێشه‌كه‌ی بۆ دیاری ده‌كه‌ین و ده‌بێ چاك بكرێ.
ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك كێشه‌ی له پێوهركهی هه‌بوو، ئێوه قه‌ره‌بووی پاره‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌نه‌وه؟
قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ژمار ده‌كرێ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌تر دووجا.
*داهاتی كۆكراوه‌ی مانگانه چه‌نده بۆ حكوومه‌ت و چه‌ندی بۆ كۆمپانیایه؟
هه‌موو داهاته‌كه بۆ حكوومه‌ته كه مانگانه ملیارێك و 100-150 ملیۆن دیناره، كۆمپانیاش بۆ هه‌ر پسووله‌یه‌ك مانگانه هه‌زار و800 دینار وه‌رده‌گرێت، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو پاره‌كه‌ی كۆ كرده‌وه یان ٩٥٪ كۆ كرده‌وه. هه‌موو هاوبه‌شێك دوو مانگ جارێك پاره‌ی لێ وه‌رده‌گیرێت.
*ژماره‌ی هاوبه‌شانی ئاو له هه‌ولێر چه‌نده و چه‌ند هاووڵاتی پێوه‌ریان نه‌به‌ستووه؟
ژماره‌ی هاوبه‌شان ئه‌وانه‌ی تۆمار كراون له سیستمی كۆمپانیا 248 هه‌زاره، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین تا كۆتایی ئه‌م مانگه بگات به 255 هه‌زار هاوبه‌ش، چونكه گوشارێكی زۆرمان له‌سه‌ره به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌ی دراوه، هه‌ر كه‌سێك پێوه‌ری ئاوی نه‌بێت سزا ده‌رێت.
*ئه‌و سزایه چییه؟
ئه‌و بڕیاره له یه‌كی ئه‌یلووله‌وه ده‌رچووه و ماوه‌ی دوو مانگ دانراوه، هه‌ر هاووڵاتییان پێوه‌ری نه‌بێت سزا ده‌رێت به بڕی 100 هه‌زار دینار، ئه‌گه‌ر دوای ئه‌و ماوه‌یه هاووڵاتییه‌كه پێوه‌ری هه‌بوو، تۆماری ده‌كرێ له سیستم.
*چۆن رێگری له زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن؟
به‌پێی رێنوێنییه‌كانی ئێمه، هه‌موو هاوبه‌شان یه‌ك هێڵی ئاویان پێ ده‌درێت، مه‌گه‌ر هاوبه‌شێك باڵاخانه‌یه‌كی هه‌بێت ئێمه دوای به‌دواداچوون هێڵێكی تری پێ ده‌ده‌ین یان بۆڕی سێ جارهگ ئینج یان بۆڕی ئینجی ته‌واو، چونكه ئه‌وه‌ی ماڵان بۆڕیی نیو ئینجه. هاوبه‌ش هه‌یه به‌زێده‌ڕۆ هێڵی زیاتر راده‌كێشێ بۆ باخچه و شتی تر، هه‌ر كاتێك بزانین هاووڵاتییه‌ك ئه‌و كاره‌ی كردووه، ئه‌وا تیمه‌كان ئه‌و هێڵه ده‌بڕن و سزای هاووڵاتییه‌كه ده‌ده‌ین.
*ههڵمهتێكتان هه‌بوو بۆ بڕینی زێده‌ڕۆییه‌كان، ئایا به‌رده‌وامه یان نا؟
به‌ڵێ به‌رده‌وامه، هه‌ر له‌و هه‌ڵمه‌ته ته‌نیا له چه‌ند گه‌ڕه‌كێك زیاتر له 420 هاوبه‌ش ئاوه‌كانیان بڕا كه بۆ باخچه‌كانی خۆیان رایانكێشابوو، هه‌روه‌ها ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ئاویان نه‌بووه له شوێنێكی تر بۆڕییان راكێشاوه به‌بێ پێوه‌ر، زیاتر له 120 هاوبه‌ش ئاویان بڕاوه. زێدهڕۆیهكی تر هه‌یه ئه‌ویش شۆڕكردنه‌وه‌ی بۆڕییه له‌كاتی راكێشانی ئاو له ژێره‌وه‌ی ئه‌و بۆڕییه‌ی دانراوه به‌شێوه‌ی بۆڕی فول دائیس، كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێ پێنه‌دراوه، چونكه به‌ربه‌ست له‌ناو بۆڕییه‌كه دروست ده‌كات.
*پلانی ئێوه بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه نوێیانه‌ی دروست ده‌بن چییه؟
پلانی حكوومه‌تی هه‌رێم و ئێمه ئه‌وه‌یه سوود ته‌نیا له ئاوی سه‌رزه‌وی وه‌ربگرین، بابه‌تی ئاوی ژێرزه‌وی به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵ بكرێ، بۆیه چوار پڕۆژه‌ی ئاو له هه‌ولێر هه‌یه ئه‌وانیش ئیفراز یه‌ك، دوو، سێ و پڕۆژه‌ی ئاوی قه‌ندیل، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنێك كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی به‌ناوی "ئاوی هه‌ولێر سارد" ئه‌و پڕۆژه‌یه ناكه‌وێته ناوچه‌ی ئیفراز، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر زێی گه‌وره‌یه، دیزاینی ته‌واو بووه، 90% ئهپروڤی ته‌واو بووه، چاوه‌ڕێی پێدانی گوژمه‌كه‌ی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بچێته بواری جێبه‌جێكردن. به‌رده‌وامیش كارمان بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه كردووه، سه‌ره‌ڕای بوونی ته‌نگژه‌یی دارایی، به‌ڵام زیاتر له 200 كیلۆمه‌تر تۆڕی ئاو دانراوه.
له ساڵی2018 داوای تهمویلێكمان كردبوو به‌ناوی "فریاگوزاری" ئه‌وه‌مان بۆ هاتووه‌ته‌وه و دوو پڕۆژه‌ی پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌وانیش له داره‌توو و بنه‌سڵاوه، له‌باره‌ی هه‌شتی حه‌سارۆك، كێشه‌مان له‌و شوێنه هه‌یه بۆ دابینكردنی ئاو، چونكه پێویستی به زیاتر له 120 بیری ئاو هه‌یه، بۆیه له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی ده‌وربه‌ریشی ئێسته كێشه‌مان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاستی ئاو كه‌می كردووه، بۆیه ناتوانین ئاو بۆ ئه‌و ناوچه‌یه دابین بكه‌ین.
*بۆچی هه‌موو ساڵێك بۆڕی ئیفراز سێ ده‌شكێت؟
شكانی بۆڕی ئیفراز سێ هه‌ر كاتێك ده‌شكێت، كێشه بۆ هاووڵاتییان دروست ده‌بێ، چونكه 40%ی ئاوی هه‌ولێر دابین ده‌كات، به‌مه‌به‌ست نییه ئه‌و شكانه، له ساڵی 2006وه تا ئێسته دووجار كێشه‌ی ته‌كنیكی هه‌بووه، ئه‌مساڵ بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و قهفیزهی كۆمپانیا داینابوو شكستی هێنا، جارێكی تر یه‌كێك له ئێرباگه‌كانی ته‌قی و ئاوێكی زۆر به‌فیڕۆ بچێت. ئه‌وه‌ی تر زۆرترین جار له‌لایه‌ن هاووڵاتییان له رێی چاڵهه‌ڵكه‌ندن كێشه‌یان بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه دروست كردووه. چونكه ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌یه‌كی تر له پارێزگای میسان دیاری هێزی ئه‌مه‌ریكی بوو، پاش ئازادكردنی عێراق، بۆ ئه‌و دوو پارێزگایه، هه‌موو شتێك ئه‌و هێزه كردوویانه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی خۆیانه‌وه، ئێمه ته‌نیا له‌سه‌رمان بووه شوێنه‌كه دیاری بكه‌ین، ئه‌و بۆڕی ئاوه‌ی پێدا ده‌ڕوات یه‌كێكه له باشترین بۆڕی ئاو له دنیا، یه‌ك كێشه‌ی بچووكی هه‌یه به‌رگه‌ی زه‌بری ده‌ره‌كی ناگرێت و ستانداردی دنیا ئه‌وه‌یه 10مه‌تر لای راست و چه‌پی نابێت كاری تێدا بكرێت، به‌داخه‌وه هاووڵاتییان ره‌چاوی ئه‌وه ناكه‌ن.