تاوتوێی پرسی گرانبوونی هێلكە دەكرێت

:: AM:09:52:22/10/2020 ‌
ماوەیەكە نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی كوردستان گران بووە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و خاوەن پڕۆژەكان كۆ دەبنەوە  و تاوتوێی كێشەكە دەكەن.

دكتۆر فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات 10ی سەرلەبەیانی لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵ و خاوەن كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردن و چاودێری بازرگانی و بنكەكانی بە بازاڕكردن و فرۆشتن، كۆ دەبنەوە و تاوتوێی كێشەكە دەكەن.

ئەو باسی لەوە كرد كە كێشەكە لە قەبارەی خۆی گەورەتر كراوە، ئەگەر نا قەیران نییە و تەنیا دەرهاویشتەیەكی بچووك و نەرێنی پڕۆژەیەكی ستراتیجیی گەورەیە.

وەك زیاتر خستیەڕوو لە كۆبوونەوەكەدا لە سەرجەم كێشە و هۆكار و رێكارەكانی چارەسەی دەكۆڵنەوە و هەوڵ دەدەن بە زووترین كات چارەسەری بكەن.

پێویستە بگوترێت ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ دوێنێ چوارشەمیش لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا باسی لەوە كرد، هێشتا نرخی هێلكە لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە نرخێكی ئاساییە و تەنیا لە بازاڕ هەندێك گران بووە و بەشێك لە هۆكارەكەشی بۆ جۆرێك كەمتەرخەمی لایەنەكانی چاودێری بازاڕ لە لایەك و بەرزبوونەوەی خواست گەڕاندەوە.

ئەو ستراتیجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات، پاراستنی ئاسایشی خۆراكە
ئەو پێداگری دەكات لەوەی ئەو ستراتیجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات، پاراستنی ئاسایشی خۆراكە و لەمەودوا تەنیا پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەسترێت و رێ نادەن هێلكەی وڵاتانی تر هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت. هەروەها باسی لەوەش كرد كۆمەڵێك پڕۆژە لە جێبەجێكردندان و لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرهەمی زیاتر دەخەنە بازاڕەوە.

هەرێمی كورستان سەرووی پێداویستی ناوخۆ هێلكە بەرهەم دەهێنێت و دابینكەری بازاڕەكانی عێراقیشە بە هێلكە، بۆیەش گۆڕینی وەرزی بەرزبوونەوەی داخوازی كەمێك نرخەكەی بەرز كردووەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان