گوشارەكانی شیعە دامەزراندنی هەرێمێكی تر لە عێراق نزیك دەكاتەوە

:: PM:04:36:22/10/2020 ‌

بەدرێژایی ساڵانی رابردوو فەرمانڕەوایی لە عێراق بەدەست هێزە شیعەكانەوە بووە، كاتێك پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی پێكهاتەیی بنیات نرا، بەڵام ئەوان جیا لەوەی مافی پێكهاتەكانی تریان لە حكوومەتی بەغدا برد و وڵاتیان دووچاری دەیان تەنگژەی گەورە كرد، لە گوشار و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەموو پێكهاتەكان بەردەوامن، دواترینیان هێرشكردنە سەر كورد و سوننە، كاتێك لە بەغدا ئاڵای كوردستانیان سووتاند و لە سەڵاحەدینیش هەشت كەسیان گولەباران كرد و چواریشیان رفاند، ئێستە باسی دروستكردنی هەرێمی سوننە گەرمە. 
لە ماوەیەكی زۆر نزیك دامەزراندنی هەرێمێكی سوننە دێتە راگەیاندن
سووتاندنی ئاڵای كوردستان و تاوانی فەرحاتییە دژ بە سوننە، سێ راستی گرنگی سەلماند، یەكەمیان شیعە ناتوانن فەرمانڕەوایەتی بكەن و خاوەن بڕیاری خۆیان نین و هۆكاری شكستهێنانیان دەخەنە ئەستۆی كورد و سوننە، دووەم ناتوانن بەیەكەوەژیان لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی تر و مەدەنیەت و شارستانی و بیری پێشكەوتوو و وڵاتانی دراوسێ و دنیا دوور لە بەرژەوەندییەكانی ئێران بكەن، سێیەم باشترین رێگە بۆ بەیەكەوەژیان لە عێراق و شوێنگرەوەی ترازان و دابەشكردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەت، دروستكردنی چەند هەرێمێكە بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، كە سەركەوتنی لە هەموو بوارەكان سەلماند، بۆیە ئێستە ناوماڵی شیعە لە پەشۆكاویدایە و شەقامی شیعە بەتەواوەتی لە هێزە سیاسی و سیاسەتوانانیان هەڵگەڕاونەتەوە.

ئەحمەد خزر، شارەزای سیاسی عێراق سەبارەت بە رووداوەكەی فەرحاتییە بۆ "وشە"، روونی كردەوە، پێمان وایە لە سایەی ئەو پشێوییە و ئەو چەكە بەڕەڵایەی هەیە و ئەو هێزەی لە دەرەوەی كۆنترۆڵ و چوارچێوەی فەرمانەكانی دەوڵەت كار دەكات، شتێكی ئاساییە تاوانی رێكخراو ئەنجام بدرێت، تاوان لەژێر سایەی دامەزراوەكانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی حزبی و رەگەزپەرستی، بۆیە ئەگەر چەكی بەڕەڵا كۆنترۆڵ نەكرێ و دەستی بەسەردا نەگیرێ و هەمووان نەخرێنە ژێر سایەی دەوڵەت و دەستوور و یاسا، زنجیرەی تاوانكاری و خوێنڕشتن لە عێراق بەردەوام دەبێت، كە زۆرینەی گەلانی عێراق رەتی دەكەنەوە.

سەبارەت بە وادەی كۆتاهاتنی گیانی تایفی و لاگیری بۆ بڕیاری دەرەكی لە عێراق، زیاتر گوتی، ئەو كاتەی چینێكی سیاسی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و خاوەن ئینتیما بۆ عێراق هەبێت، لەسەر تانكی ئەمەریكا و وڵاتانی دەرەوە نەهاتبن، ئەوكات بڕیارەكە عێراقی و نیشتمانی دەبێ كە رەچاوی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بكات و دووپات لە وابەستە مێژووییەكانی نێوان ئەو پێكهاتانە بكاتەوە، شتێكی دووریش نییە گەلی عێراق لەو پێناوەدا قوربانی بدات، كە راهاتووە لەسەر ئەو دۆخە، ئەوەیش پێوەست نییە بە ناوچەیەكی دیاری كراو. 

دوای رووداوەكەی فەرحاتییە لە شارۆكەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، كە بەپێی زانیارییەكان گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق، كە قەیس خەزعەلی رابەرایەتی دەكات، 28 كەسی ناوچەكەیان رفاندووە و ژمارەیەكەیان گولەباران كردووە و ئەوانیتر نادیارن، هۆكارەكەیش بۆ ناچاركردنی خەڵكی ناوچەكە بۆ كۆچكردن و راگواستن لە ناوچەكانیان دەگەڕێتەوە، كە ئەوان دەستیان بەسەر زەوییەكی زۆری كشتوكاڵیدا گرتووە، لەبەرانبەر بەوە ئێستە لێرە و لەوێ باسی هەوڵی دروستكردنی هەرێمی سوننە وەك دووەم هەرێمی عێراق دوای هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە ئەگەر دروست بێت، دەبێتە سەرەتای ترازانی ملوانكەكە و چەند هەرێمێكی تری بەدوادا دێت، نزیكترینیان هەرێمی بەسڕە، كە شیعەكان بەزەبری هێز رایان گرتووە.

لەو ناوەدا سەركردەیەكی هاوپەیمانی "فەتح"، كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرای كرد، جموجۆڵێكی بەهێز هەیە رەنگە ببێتە هۆی راگەیاندنی پێكهێنانی هەرێمی سوننە لە عێراق، كە دامەزراندنیشی بە پاڵپشتی ئەمەریكا دەبێت، ئەو لێدوانە هاوكاتە لەگەڵ بوونی چەند زانیارییەك بە بوونی هەوڵێكی ناوخۆیی و ناوچەیی بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سوننە لە عێراق كە پاڵپشتی لە بوونی ئەمەریكا لە ناوچەكانیان بكات و هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دوور بخرێنەوە و رێگری لە هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بكرێت.  

غەزەنفەر بتێخ، سەركردە لە هاوپەیمانی "فەتح" گوتی، پرسی هەوڵەكانی دامەزراندنی هەرێمی سوننە، تەنیا لە راگەیاندن نییە، بەڵكو لەسەر زەوی و بەكردەنی لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسی و كەسایەتییەكی هۆزەكان بە پاڵپشتی ئەمەریكا كاری بۆ دەكرێت، كاتێك ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازی گەورەی لە پارێزگای ئەنبار (عەین ئەسەد)، دامەزراند لەسەر بنەمایەكی ئابووری بوو كە دەیزانی چ سەرچاوەیەكی گاز و كانزا لەوێ هەیە، بۆیە ئێستە زەوینەی راگەیاندنی هەرێمی سوننە زیاتر لەهەر كاتێكی تر ئامادەیە، ئێستە پاڵپشتییەكی ناوخۆیی سیاسی و هۆزەكان و جەماوەری هەیە، بۆیە لە ماوەیەكی زۆر نزیك دامەزراندنی هەرێمێكی سوننە دێتە راگەیاندن.  

ناجح میزان، سیاسەتوانی عێراق لەبارەی رووداوەكەی فەرحاتییە گوتی، ئەو تاوانەی عەسائیب كە لەبەر چاوی هێزە تەناهییەكان 12 كەس دەگرن و هەر 500 مەترێك تەرمی یەكێكیان فڕ دەدەن، تەنیا تاوان یان كوشتنی ئاسایی نییە، دەركەوت كە سەرۆك وەزیرانی كردەنی لە عێراق ئەبو فەدەكە، سوپاسالاری حەشدی شەعبی، ئەوانیتریش هەموو فۆتۆشۆپ و درۆن، بە حكوومەت و هێزە تەناهییەكان و پەرلەمان، هەموو درۆ و شانۆگەرییە.

زیاتر گوتی، ئەوەی روو دەدات هۆكارەكەی بێتوانایی كازمییە بەرانبەر بە حەشد، ئەوەی حەشد و داعش دەیكەن هەمان شتن و تەواوكەری یەكترن، ئەوان بەشەو دەیكەن و ئەوانیش بەرۆژ، ئەوانەی دەگیرێن بە فەرمانی ئەبو فەدەك ئازاد دەكرێن، لە عێراق تاوانكاران دیارن ئەوان حكوومەتن و كێ دەتوانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ حكوومەت بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل