كچە قوتابییەك بە فیشەك خۆی كوشت

:: PM:08:50:18/02/2017 ‌

ئێوارە ئەمڕۆ لە شارۆكەی كفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، كچە قوتابییەكی تەمەن 18 ساڵ بە دەمانچە كۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، باوكیشی بە هۆكاری ئەوەی قسەی پێ گوتووە گیراوە.

عەمیدی یاسایی لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان بە"وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو ئاگادار كراینەوە لە بوونی حاڵەتێكی خۆكوشتن، پاشتر بۆمان روون بووەوە كە قوربانییەكە كچێكی قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیییە.

زیاتر گوتی، بە هۆكاری ئەوەی ئەو كچە قوتابییە لە پۆلی 12ی ئامادەیی لەم وەرزەدا لە پێنج وانە كەوتووە، بەو هۆیەوە باوكی قسەی پێ گوتووە و وشەی نەشیاوی بەرامبەر بەكار هێناوە، بۆیە كچەكە دەمانچەی بەسەری خۆی ناوە و خۆی كوشتووە.

زیاتر گوتی، كچەكە ناوی (د.ع) ە و لەدایكبووی ساڵی 1999یە و نیشتەجێی شارۆكەی كفرییە و هەر لە ماڵی خۆی فیشەكی بەخۆیەوە ناوە و تا گەیەنراوەتە نەخۆشخانە هەر ئەوەندەی گوتووە كە باوكی قسەی پێ گوتووە، بۆیە پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە، پاشتر گیانی سپاردووە، بۆیەش باوكی كچەكە بە بڕیاری دادوەر گیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

لای خۆیەوە كارزان فوئاد توێژەری كۆمەڵایەتی لە گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا كە رفتاری نەشیاوی خێزانەكان بەرامبەر منداڵەكانیان، هەمیشە توڕەیی منداڵانی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە پێویستە لەكاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكاندا خانەوادەكان ئاگایان لەرفتارەكانیان بێت لەگەڵ منداڵە قوتابیەكانیان.

شایەنی باسە ئەوە دووەم حاڵەتی خۆكوشتنی ئافرەتانە لە گەرمیان و ساڵی پاریش پێنج ئافرەت خۆیان كوشتووە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل