جەنگی بەری راستی مووسڵ دەست پێ دەكات

:: PM:09:44:18/02/2017 ‌

گەورە فەرماندەیەكی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق رای گەیاند كە لە ماوەی ئەم هەفتەدا جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شاری مووسڵ لە داعش دەست پێ دەكاتەوە، هاوكات بۆردمانی ئامادەسازی بەر لە هێرشەكە بەردەوامە.

فەریق رووكن سامی عارزی فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی یەكی دژەتیرۆری عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە بەم نێزیكانە و لە ئەگەریكی زۆردا كە ئەم هەفتەیە بێت، جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی مووسڵ دەست پێ دەكات.

زیاتر گوتی، هێزەكانی دژەتیرۆر وەك پێشتر بەهەمان شێوە بەشداری لەو جەنگەدا دەكەن كە زیاتر جەنگی شەقام و شارە.

هاوكات فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان بەردەوامن لە بۆردمانی چڕی ئاسمانی داعش بەر لە هەر هێرشێك لە 125مین رۆژی دەست پێ كردنی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش كە لە 17ی تشرینی یەكەم دەست پێ كرد، هاوكات هێزەكانی پۆلیسی فیدرال ئەوانیش لە بۆردمانی سەنگەرەكانی داعش لە بەری راستی شارەكە بەردەوامن.

سەرچاوەیەكی ناوەخۆیی لە شاری مووسڵ ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە ئەبوبەكر بەغدایی سەركردەی رێكخراوی داعش گۆڕانكاری گەورەی لە پەیكەری رێكخستنەكانی داعش كردووە لە شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ، ئەوەش دوای سەرنەكەوتنی هێرشەكانی دوای بۆسەر سەنگەرەكانی هێزەكانی عێراق لەو ناوچەدا كە نۆ سەركردەی گرتەوە لەوانە والی و بەرپرسی تەناهی شارەكەی داعش.

لای خۆیانەوە فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان تەلارێكیان لە كۆمەڵگەی سەرەكیی پزیشكی لە رۆژئاوای مووسڵ بۆردمان كرد، كە گومانی بوونی وەك بنكەیەكی سەركردایەتی چەكدارانی داعشی لێ كراوە و بەو هۆیەوەش 18 كەس كوژراون و 48ی تریش برنداربوون.

ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 دەستی پێ كرد و ئێستە نیوەی چەپی شارەكە ئازاد كراوەتەوە و چەكدارانی داعشیش لە نیوەی راستی شارەكە لەگەڵ بوونی زیاتر لە 650 هەزار هاووڵاتی شارەكە گەمارۆ دراون و دۆخی مرۆیی ئەوان بەهۆی دڕەندەیی داعش و گەمارۆدانیان زۆر خراپە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل