زیاتر لە چوار مانگە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەستی لەكار كێشاوەتەوە و ئەندامێكی لیژنەی خوێندنی باڵاش دەڵێت كە بە ناوی دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان دوو حزب زەرەری زۆر لە سلێمانی دراوە.
شوان قەڵادزەیی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زانكۆیەكی وەك سلێمانی بە پێی پێڕەوی خۆیان، ئەنجوومەنی زانكۆ كۆ دەبێتەوە و ئەگەر سەرۆكی زانكۆ نەبێت جێگرەكان ناتوانن وەك سەرۆكی زانكۆ ڕۆڵی سەرۆكی زانكۆ ببینن، لە ڕووی مەعنەوییەوەش زانكۆیەك سەرۆكی نەبێت، خەڵكی توشی خەمساردی دەبێت.
ئەوەشی گوت، پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەو حاڵەتانە بە خێرایی ئەو پۆستانە پڕ بكاتەوە و چەندین دەسەڵات هەن كە سەرۆكی زانكۆ دەتوانێت بەكاریان بێنێت و كەسی تر لە شوێنی ئەو ناتوانێ بەكاریان بێنێت.
قەڵادزەیی روونی كردەوە، دابەشكردنی پۆستەكان بە ناوی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، زەرەری زۆری لە سلێمانی داوە، لە ڕووی پارێزگاریشەوە سلێمانی وەك نوكتەی لێ هاتووە.
"وشە" چەند جارێك پێوەندی بە دكتۆر ڕەزا، یاریدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە، هاوكات عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە "وشە"ی راگەیاند كە دكتۆر ڕەزا وەك سەرۆكی زانكۆ بە وەكالەت دانراوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی