پاڵێوراوان بۆ راهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە

:: AM:09:16:19/02/2017 ‌

سەرۆكایەتیی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی وەك سەرەتا چەند راهێنەرێكی پاڵاوتووە بۆ شوێنگرەوەی لویس ئێنریكی راهێنەری ئێستای یانەكەیان لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتیی یانەی بەرشەلۆنە لیستێكیان ئامادە كردووە كە ناوی چەند راهێنەرێكی ناوداری تێدایە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە شوێنی ئێنریكی راهێنەرایەتیی تیپەكەیان بكات.

رۆژنامەكە ناوی سەرجەم ئەو راهێنەرانەی ئاشكرا كرد كە ناویان لە لیستەكەدا هاتووە كە برێتین لە: رۆناڵد كۆمانی هۆڵەندی و راهێنەری یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی، یورگن كلۆپی ئەڵمانی و راهێنەری یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی، خۆرخێ سامپاولی ئەرجەنتینی و راهێنەری یانەی سڤیلییەی ئیسپانی، لویس ڤان گال و فڕانك ریكاردی راهێنەرانی هۆڵەندی.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە نزیكترین كەسایەتی بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی داهاتوودا كۆمانی ئەستێرەی پێشووی یانەكەیە كە ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی ئێڤەرتۆن لە خولی نایابی ئینگلیزیدا ئاستێكی ناوازە پێشكەش دەكات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە زۆرینەی ئەندامانی سەرۆكایەتیی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە باشترین كەسایەتی بۆ راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە كلۆپی راهێنەری پێشووی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئێستای یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییە.

جێی باسە ئێنریكی لە هەفتەی رابردووەوە بەتەواوی جلەوی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنەی لەدەستداوە دوای شكستە گەورەكەیان بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە تێیدا بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ وەڵام شكستیان خوارد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م