ئه‌گه‌ر تیژڕۆیی شوفێران مه‌ترسیدار بێ سستبوونیشیان مایه‌ی كێشه‌یه‌

:: AM:11:52:26/10/2020 ‌
به‌شێك له‌ شوفێران له‌ هێڵی خێرای شه‌قامه‌كان زۆر به‌ سستی ئۆتۆمبێل ده‌ئاژوون، به‌ڵام هۆكارن له‌ قه‌ره‌باڵغی و رووداوی هاتوچۆ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ یاسا سزا بۆ ئه‌و شوفێرانه‌ ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی زۆرترین رووداوی هاتوچۆ و قوربانی به‌دواوه‌ بووه‌، تیژڕۆیی شوفێران بووه‌ و به‌شێك له‌ شوفێران بێ گوێدانه‌ رێنوێنیی و یاساكانی هاتوچۆ له‌ سه‌رووی ئه‌و خێراییه‌ لێ ده‌خوڕن كه‌ له‌ شه‌قام بۆیان دیاری كراوه‌.

له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ به‌شێك له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، به‌رزترین خێرایی كه‌ بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ ده‌ستنیشان كرابێت 110 كیلۆمه‌تره‌ له‌ سه‌عاتێكدا كه‌ ئه‌ویش له‌ جووتسایدی 120 مه‌تری ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاریش به‌رزترین خێرایی ده‌ستنیشان كرابێت 120 كیلۆمه‌تره‌ له‌ سه‌عاتێكدا.

ئه‌گه‌ر شوفێران ئه‌م رێسایه‌ له‌به‌رچاو بگرن، ئه‌وا له‌ ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ رووداوێكی هاتوچۆش هه‌ر نه‌بێ گیانیان ده‌پارێزرێت و زۆربه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی قوربانییان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌رووی خێرایی رێپێدراو بوون.

كه‌م نین ئه‌و شوفێرانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ شه‌قامه‌كانی كوردستان سه‌رووی 160 كیلۆمه‌تر و ته‌نانه‌ت سه‌رووی 200 كیلۆمه‌تریان لێخوڕیوه‌. هه‌نگاوێك كه‌ به‌ سه‌ركێشی و خستنه‌ مه‌ترسی گیانی خۆیان و كه‌سانی تر هه‌ژمار ده‌كرێت.

ئه‌گه‌ر تیژڕۆیی شوفێره‌كان له‌ شه‌قامه‌كان كێشه‌ بێت، ئه‌وا نزمبوونی خێراییش كێشه‌ی بۆ هاتوچۆ دروست كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ قوربانییه‌كانی ئه‌م سه‌رپێچییه‌ كه‌متره‌، به‌ڵام وا هه‌ست ده‌كرێت به‌شێك له‌ رووداوه‌كانی هاتوچۆش به‌ هۆی نزمبوونی خێرایی روو ده‌ده‌ن.

ئه‌و شوفێرانه‌ی زیاتر به‌ 120 مه‌تریدا هاتوچۆیان هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ست به‌م كێشه‌یه‌ بكه‌ن. بۆ نموونه‌ له‌ شه‌قامه‌كه‌ سێ خێرایی جیاواز دانراوه‌. بۆ هێڵه‌ خێراكه‌ 110 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا، بۆ هێڵی دووه‌م 100 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا و بۆ هێڵی سێیه‌میش 80 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا ده‌ستنیشان كراوه‌.

به‌شێك له‌ شوفێران به‌ خێرایی كه‌متر له‌ 80 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا له‌ هێڵی یه‌كه‌م ده‌ڕۆن بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ ئۆتۆمبێله‌كانی پشته‌وه‌یان بكه‌ن. ئۆتۆمبێلێك كه‌ له‌ هه‌مان هێڵ خێراییه‌ رێپێدراوه‌كه‌ی پڕ كردووه‌ و به‌ 110 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا ده‌ڕوات، كاتێك به‌و ئۆتۆمبێله‌ ده‌گات دوو بژارده‌ی هه‌یه‌، یه‌كه‌م خۆیشی خێڕاییه‌كه‌ بۆ هه‌مان خێرایی دابه‌زێنێت و له‌ رۆیشتن به‌رده‌وام بێت. ئه‌م بژارده‌یه‌ گونجاو نییه‌ چونكه‌ ژماره‌ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ سه‌رووی خێرایی 100 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا ده‌ئاژوون، ناچارن ئه‌وانیش شلی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ دواجار قه‌ره‌باڵغی دروست ده‌بێت.

بژارده‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ به‌ فول لایت ئۆتۆمبێله‌كه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌ پێشی بۆ چۆل بكات. ئه‌م بژارده‌یه‌ش له‌ هه‌ولێر زۆر باوه‌ و هه‌ندێك جار ئۆتۆمبێله‌كان رێیه‌كه‌ چۆڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك جار له‌ هه‌مان خێرایی به‌رده‌وام ده‌بن و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پشته‌وه‌یان ناچار ده‌كه‌ن له‌لای راسته‌وه‌ لادانی هه‌بێت كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ئه‌گه‌ری روودانی هاتوچۆ زۆر زیاتر ده‌كات.

ئه‌گه‌ر به‌ حه‌ق بێت پێویست بوو سزا بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ دیاری بكرێت بێ گوێدانه‌ رێنوێنییه‌كان له‌ خێراییه‌كی زۆر نزمدا ده‌ڕۆن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ سزایه‌ك بۆ ئه‌و شوفێرانه‌ نییه‌.

فازڵ حاجی گوته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر بۆ "وشه‌" گوتی، سزا ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌رووی خێرایی رێپێدراو ده‌ڕۆن و له‌ هیچ شوێنێك شوفێر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ خێراییه‌كی كه‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێ ده‌خوڕێت سزا نادرێت.

ئه‌و پێی وایه‌ شوفێران ده‌بێت خۆیان ده‌رفه‌ت به‌ یه‌كتر بده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كاتێك له‌ شه‌قامێك 110 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا ده‌ستنیشان كراوه‌، نابێ شوفێر هه‌ر له‌و خێراییه‌ بڕوات و وا باشتره‌ خێراییه‌كه‌ی زۆر كه‌متر بێت.

به‌شێك له‌ شوفێران له‌ هاتوچۆ و رێساكانی شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌ و زۆر جار بینراوه‌ شوفێرێك له‌ هێڵی خێرای 120 مه‌تری به‌ خێرایی 100 كیلۆمه‌تر رۆیشتووه‌، كه‌ 10 كیلۆمه‌تر له‌ خێرایی رێپێدراو كه‌متر بووه‌ و كاتێك ده‌گاته‌ كامێرای چاودێری، له‌ پڕ خێراییه‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ بۆ 80 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌عاتێكدا و خه‌ریكه‌ كێشه‌ بۆ ئۆتۆمبێله‌كانی پشته‌وه‌ دروست ده‌كات و بێئاگایه‌ له‌وه‌ی كامێرا له‌ سه‌رووی 110 كیلۆمه‌تر سزای ده‌دات. 
 



وشە - تایبه‌ت